بەم نزیکانە پڕۆژەیەکی گرنگ لە هەولێر تەواو دەکرێت

کارەکانی بەنداوی گۆمەسپان لە هەولێر کارەکانی پڕۆژەی بەنداوی گۆمەسپان لە هەولێر تەواو دەکرێت و دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی 06ـی 2023 ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: بەنداوی گۆمەسپان لە هەولێر،  یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆ گەشتیاری و بۆ گلدانەوەی ئاو و بۆ كەشوهەوای هەولێر سوودی زۆری هەیە و له‌ نزیكترین ماوه‌دا كۆتایی پێ دێ و دەبێتە گەورەترین بەنداو لە هەولێر و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش دوای بەنداوی دوكان و دەربەندیخان دەبێتە سێیەم گەورەترین بەنداو.

ڕاشیگەیاند: تێچووی دروستکردنی (95 ملیار دینارە)، بەرزییەکەی 70 مەتر و درێژییەکەشی 512 مەترە و دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا باراناو کۆ بکاتەوە، یەکەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، کۆنکرێتی جۆری ئارسیسی لە پرۆژەی دروستکردنی بەنداودا بەکار دەهێنرێت و ڕووبەرەکەی 6 ملیۆن 125 هەزار مەتر دووجایە.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش داوە کە ئێستا شەو و ڕۆژ کار لە پڕۆژەى دروستكردنی ئەم بەنداوە دەکرێت و لەم نزیکانەش تەواو دەبێت و ڕۆڵی زۆری دەبێ لە پاراستنی سامانی ئاو و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی دەبێت، هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هەولێر و کەرتی گەشتیاریی ناوچەکە دەبووژێنێتەوە.

Back to top button