بەهاری ساڵی داهاتوو ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا دەگاتە عێراق و هەرێمی کوردستان

((خۆر))-

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیى عێراق وادەی گه‌یشتنى ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنای  ڕاگەیاند و لە مانگی ئاداری ساڵی نوێ دەگات بە عێراق و هەرێمی کوردستان.

ریاز حلفی بەڕێوەبەری تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی عیراق ئاشكرایكرد، ڤاكسینی كۆمپانیای “فایزەر-بایۆنتێك”یان لە دژی كۆرۆنا كڕیوە و لە ساڵی داهاتودا وەجبەی یەكەمی دەگات.

ریاز حلفی لە گفتوگۆیەكی تەلەفزیۆنیدا ئاشكرایكرد، لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتو وەجبەی یەكەمی ڤاكسینی دژەكۆرۆنای كۆمپانیای فایزەری ئەمریكی و بایۆنتێكی ئەڵمانی دەگاتە عیراق، كە 600 هەزار دانەی لێكڕدراوە.

وتیشی “ڤاكسینەكە بۆ هەر كەسێك دوو بەشە و بۆ 300 هەزار هاووڵاتی بەكاردەهێنرێت، كە تایبەت دەبێت بە كارمەندانی دامەزراوەكانی حكومەت”.

بەڕێوەبەرە گشتییەكەی وەزارەتی تەندروستیی عیراق رونیشیكردەوە، كڕینی 19 ملیۆن ڤاكسین پێویستی بە 208 ملیۆن دۆلار هەیە و سەرۆك وەزیران رێنمایی داوەتە وەزارەتی دارایی بۆ دابینكردنی، لەگەڵا یەكێتیی ڤاكسینەكانی جیهانی-یش گرێبەستی هەیە و 9 ملیۆن ڤاكسین وەردەگرێت، كە بەشی 20%ی دانیشتوان دەكات، سەرەڕای 9 ملیۆن ڤاكسینی كۆمپانیای فایزەر-بایۆنتێك، كە لە بەهاری داهاتودا وەجبەی یەكەمی دەگات.

Back to top button