بەهۆی مەترسیەکانی پەکەکە خەڵکی ئامێدی داوای دانانی خاڵی پشکنینی زیاتر دەکەن

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

بەشێک لە گوندەکانی سەربە قەزای ئامێدی داوای زایدکردنی خاڵەکانی پشکنین دەکەن بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکانی ڕێکخراوی تیرورستی پەکەکە لەسەر خەڵکەکە.

دوای ئەوەی لە چەند شوێنێکی دەڤەری بادینان چەکدارانی ڕێکخراوی تیرورستی پەکەکە باج و سەرانەیان لە خەڵک وەرگرت و دەستیان بەسەر هەندێک ڕەز و باغدا گرت، لە ئێستادا چەند گوندێکی دەوروبەری قەزای ئامێدی داوای دانانی خاڵی پشکنینی زیاتر دەکەن لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکانی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستیە، لەمبارەوە سەعید سەلیم کە خەڵکی ئەو ناوچەیەیە بە (( خۆر ))ی راگەیاند ” ماوەی چەند ساڵە بەهۆی پەکەکەوە نەمانتوانیوە بە پێی پێویست سود لە زەویەکانمان ببینن، لە ئێستادا هەریەکە لە گوندەکانی دێرەش و کانێ مەترسی زۆریان لەسەرە، بۆیە داوا دەکەین چەند خاڵێکی تری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچەیە دابنرێت بۆئەوەی مەترسی لەسەر هاووڵاتیان کەمببێتەوە “.
شایانی باسە پێشتریش لەچەند شوێنێکی دەڤەری بادینان چەکدارانی ڕێکخراوی تیرورستی پەکەکە باج و سەرانەیان لە خەڵکی ناوچەکە وەرگرتوە و لە ئێستادا چەند خاڵێک کە پێشتر بەهۆی شەڕی داعشەوە هەڵگیرابون ، دانراونەتەوە ، بەڵام خەڵکی ناوچەکە پێیان وایە هێشتا مەترسیەکان زۆرن و پێویست دەکات خاڵی پشکنین زیاتر دابنرێن.

Back to top button