بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی: تائێستا كوردستان لە مەترسیدا نیە

عەباس عەلی بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی دەڵێت، تائێستا ناوچەكانی كوردستان نەگەیشتوەتە ئەو رادەیەی لە مەترسیدا بێت.
راشیگەیاندوە، نزیكەی سێ دەیەیە هەموو دە ساڵێك جارێك توشی وشكەساڵی توند دەبینەوە، پێداویستیمان بۆ ئاو زیاد دەكات، قەبارەی پاراوبونەوەش لەبەرئەوەی وشكەساڵیە زۆر كەمدەبێتەوە، لەبەرئەوە پێداویستی زیاد دەكات و قەبارەی دەرهێنانەوە زیاد دەكات، بۆیە دابەزینی ئاو هەیە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ژێر زەوی سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردوە، پاراوبونەوە لەناوچەی سلێمانیدا لە ئێستادا لەگەڵ هەڵەبجەو ئیدارەی راپەڕین تا رادەیەك لەحاڵەتی ئاساییدایە، بەڵام ئەمساڵ 800 ملم بارانباریوە لە هەندێك شوێن زیاتر لە هەزار تا هەزارو 200ملم باریوە.
وتیشی: ئێمە لە كێشەی ئاوهەوای ئەمساڵ كێشەمان نەما، لە كێشەی كشتوكاڵی ئەمساڵیشدا كێشەمان نەما كە دوو ساڵی پێشو هەمان بو، بەڵام لەكێشەی هایدرۆدا هەمانە، لەبەرئەوە دوو ساڵە لەسەر یەك ئەو پاراوبونەوەیە نەگەیشتوەتە ئاستی خۆی و بە یەك ساڵیش ئەو رێژەیەمان بۆ پڕناكاتەوە.
عەباس عەلی وتوشیەتی: وەزارەتی شارەوانی گەورەترین بەكاربەری ئاوە جگە لە وەزارەتی كشتوكاڵ كە بۆ كشتوكاڵ بەكاری دەهێنێت، ئاستی دەرهێنان ئەگەر بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت كێشەی نیە لەگەڵ ئەو وەزارەتانە هەماهەنگی دروست دەكەین  دەرهێنانەوەی ئاو لە ژێر زەوی كەمدەكەینەوە پشت بە ئاوی سەر زەوی دەبەستین، بۆ ئەوەی زۆرترین سود لە ئاوی سەرزەوی وەرگرین، ئەگەر زیادەڕەوی نەبێت ئێمە دەتوانین كێشەی پاراوبونەوەو دەرهێنانەوە هاوتا بكەین.

Back to top button