بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر: لە مانگی داهاتوو گەشتەکانمان زیاد دەکات

بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گوتی، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ زیادکردنی گەشتە ئاسمانییەکانمان و لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو گەشتەکانمان زیاد دەکەن، لە کاتێکدا ئێستا ڕۆژانە 64 گەشتمان لەگەڵ وڵاتان هەیە.

بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەحمەد هۆشیار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”هەوڵەکان بەردەوامن بۆ زیادکردنی گەشتە ئاسمانییەکانمان لەگەڵ وڵاتان و ئێستا ڕۆژانە وەکوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر 64 گەشتمان لەگەڵ وڵاتان هەیە و لە مانگی داهاتووەوە گەشتەکانمان زیاد دەبێت بەهۆی نزیکبوونەوە لە وەرزی هاوین، چونکە ساڵانە لەو کاتانەدا گەشتەکانمان زیاد دەکەن.”

ئەحمەد هۆشیار گوتیشی: ”لە مانگی داهاتوو دیار دەبێت لە ناوەڕاستی مانگ کە دەبێتە وەرزی گەشتکردن، بۆیە پێشبینی دەکەین کە لە مانگی داهاتوو گەشتەکانمان زیاد بن.”

هۆشیار ڕوونیشی کردەوە: ”جگە لەوەش، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی گەشتە ئاسمانییەکانمان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وڵاتی فەرەنسا دەست پێ بکەین، بۆیە هەوڵەکان بەردەوامن و هەنگاوێکی زۆر باش دەبێت.”

Back to top button