بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال: حکوومەتی هەرێم، هەموو پێداویستییەکی بۆ دابینکردووین

بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال دەڵێ،  ئەمڕۆ پرۆسەی خوێندن بە بەشداری 30هەزار قوتابی لە زیاتر لە 100قوتابخانە دەستیپێکرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو پێداویستیەکی بۆ دابینکردووین، حکوومەتی عێراقیش هیچ هاوکاری نەکردووین.

میەسەر حەجی ساڵح، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ پرۆسەی  خوێندن لە شنگال دەستیپێکرد، لە شنگال و لە ناو ئاوارەکانیش لە 101قوتابخانەمدا 30هەزار قوتابیمان هەیە، پێشتر ئامادەکاری تەواومان کردبوو و ئەمڕۆ بەفەرمیی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پێداویستییەکی بۆ دابین کردووین، ئەمڕۆ پەرتووک لە ناو ئاوارەکان دابەشکرا و هەفتەی داهاتووش لە شنگال دابەش دەکرێت.

میەسەر حەجی ساڵح گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی پێویست بێت بۆمان ئەنجامی دەدات، بەڵام حکوومەتی عێراق هیچ هاوکاری نەکردووین، تەنها هاوکاری قوتابخانە عەرەبییەکان دەکات، بەڵام حکوومەتی هەرێم تەنانەت مووچەی مامۆستا و وانەبێژانیشمان بۆ دابین دەکات.

گوتیشی: پرۆسەی خوێندن دەستیپێکردووە و تا ئێستا هیچ کێشە و کەموکوڕییەکمان نییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام لەگەڵمان لەسەر خەتە، هەر پێویستییەکمان هەبێت بۆمان دابین دەکات.

Back to top button