بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی پێشمەرگە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە

 

وەك یەکێك لە هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی کە بڕیار بوو مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەی ئەلیکترۆنی و لە رێگای ژمارە بانکی و لە بانکەوە دابەشبکرێت چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاری نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە لە پرۆسەی چاکسازی و خاڵێکی دیکەی پرۆسەی چاکسازیش کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش بەئەلکترۆنیکردنی مووچەی پێشمەرگەیە کە ھاوشێوەی مووچەخۆرانی دیکە بە چەک و لە بانك مووچە وەردەگرن و لە ھەنگاوی یەکەمیشدا لیوای یەکی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە مووچە لە بانك وەردەگرن .

عەمید عوسمان محەمەد باسی لەوەش کرد: ”سوودی ئەو کارە ئەوەیە کە ھێنان و بردنی پارە بە دەست نابێت و بانکەکان دەبنە شوێنی مووچە و، وەزارەتی پێشمەرگە دەستی کردووە بە قۆناغێکی دیکە لە پرۆسەی چاکسازی و کاری زیاتریش دەکرێت و ئەرکی دیکەش لە چاکسازی بەجێ دەگەیەنێت و ئەمە خاڵێکی دیکەی چاکسازییە.”

هاوکات عەمید عوسمان جەختی لەوەش کردەوە کە: ”جگە لەوەش، بندیوار نامینێت و ژمارە حیساب و پەنجەمۆر ھەیە و ئەو کەسەی چەکی بۆ دەکرێت، داتا و زانیاریی تەواوی هەیە و ڕێگرییەکی باشە بۆ ئەوانەی کە بندیوارن، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی باشی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگەیە.”

Back to top button