بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت چوار ملیار بۆ نەخۆشییەکانی گەنم خەرج دەکرێت

بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ نەھێشتنی نەخۆشییەکانی بەرھەمی گەنمی جووتیاران خەرج دەکرێت، بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێ، سەرۆکی حکوومەت جیددییە لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.

د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، راگەیاند: “لەسەر رەزامەندیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپێردراوە بۆ خەرجکردنی چوار ملیار و ٢٠١ ملیۆن دینار بۆ کڕینی قڕکەر بە مەبەستی برەودان بە کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی بەرھەمی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، کە بەرھەمی گەنم ستراتیژی دابینکردنی ئاسایشی خۆراکە لە ھەموو جیھاندا، ژمارەیەک نەخۆشیی گەنم ھەن ساڵانە رووبەڕووی جووتیاران دەبنەوە لەوانە (کورک، مێرووی سن و کیسەل و گژوگیای پەلک پەلک باریک)”.

بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان گوتیشی: “وەزارەتی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی لە ھەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان راسپاردووە بەپێی یاسا و رێنماییەکان دەست بە رێکارە کارگێڕییەکان بکەن بە مەبەستی کڕین و دابەشکردنی قڕکەر بەسەر جووتیارانی ھەرێمی کوردستاندا”.

د. زێدا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کابینەی پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی خۆراکە و ئەوەی لە توانادا بێت بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، درێغی ناکرێت، بە تایبەتی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم زۆر جیددییە لەسەر بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و بابەتی ئاسایشی خۆراک”.

Back to top button