بە مەبەستی کردنەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی شاندێک سەردانی مووسڵی کرد

بە مەبەستی کردنەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، شاندێکی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی بە سەرۆکایەتیی نەوزاد هادی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ سەردانی پارێزگای مووسڵیان کرد و لەگەڵ پارێزگار کۆ بوونەوە و دواتریش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا نەوزاد هادی گوتی، هەنگاوەکانی کردنەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ دەست پێ کراون.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، نەوزاد هادی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ پارێزگاری مووسڵ گوتی: ”ئێمە وەکوو شاندێکی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ هاتووین بۆ ئەو پارێزگایە و سڵاو و ڕێزی سەرۆک بارزانیمان بۆ پارێزگار و خەڵک و برایانمان لە مووسڵ پێیە و مەبەست لە هاتنمان بۆ کردنەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵە.”

نەوزاد هادی گوتیشی: ”مووسڵ پارێزگایەکی گرنگ و سەرەکییە و کاتی خۆیشی قوربانیی زۆری داوە لەسەر دەستی تیرۆریستان، بۆیە هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لەو پارێزگایە قوربانییان داوە و ئەو پارێزگایەیان ڕزگار کردووە، بۆیە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵ دەدەین بۆ زیاتر پێشکەوتنی مووسڵ و ئاوەدانکردنەوەی ئەو پارێزگایە لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانمان لە مووسڵ و پیرۆزبایی لە پارێزگار و خەڵکی مووسڵ دەکەین بەهۆی ئەو خزمەتەی پێشکەش کراوە بۆ پێشخستنی زیاتری مووسڵ، کە ئێستا مووسڵ جیاوازییەکی زۆری بە خۆیەوە بینیوە بەراورد بە کاتی ڕزگارکردنی.”

نەوزاد ھادی باسی لەوەش کرد: ”مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی نوێنەرانی پارتی لە ئیدارە و پەرلەمان و لە ئەنجومەنی پارێزگا لە داهاتوودا زیاتر خزمەتی ئەو شارە بکرێت و هەنگاوەکانی کردنەوەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ دەست پێ کراون.”

نەجم جبووری، پارێزگاری مووسڵیش گوتی: خۆشحاڵین بە هاتنی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ مووسڵ و پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر باش و بەهێزە و پەیوەندییەکانیش زۆر باشە لە هەموو ئاستەکان، ئینجا لەسەر ئاستی  خەڵک بێت، یاخود حکوومەت و ڕێز و سڵاومان بۆ سەرۆک بارزانی هەیە کە هەمیشە هەڵوێستێکی زۆر باشی بەرامبەر ئێمە هەبووە و مێژوو شاهیدە، نموونە بەتایبەت لە سەردەمی هاتنی داعش کە دەرگای بۆ خەڵکی ئێمە کردەوە و پێشوازییان لێ کرد، بۆیە هاتنیان بۆ مووسڵ بۆ ماڵی خۆیانە نەک میوانن و ئێستا کە سەرۆک بارزانی نەوزاد هادیی ڕاسپاردووە وەکوو بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ هەموو هاوکارییەکیان دەکەین.”

Back to top button