بە گوژمەی ملیارێک و 800 ملیۆن دینار لە ئاکرێ پڕۆژە لە جێبەجێکردن دان

سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ گوتی: لە قەزای ئاکرێ بە گوژمەی زیاتر لە ملیارێک و 800 ملیۆن دینار، پڕۆژەی ڕێگا، ئاو و کارەبا لە بواری جێبەجێکردن داین، نزیکەی 600 ماڵ لەو خزمەتگوزاریانە سوودمەند دەبن.

سەرۆکی شارەوانی ئاکرێ ، بڵند ڕەزا ڕایگەیاند: لە قەزای ئاکرێ چەند پڕۆژەیەک لە بواری جێبەجێکردن دان بە گوژمەی ملیارێک  و 800 ملیۆن و 625 هەزار دینار کە بریتین لە گەیاندنی خزمەتگوزاری ڕێگا، ئاو و کارەبا بۆ ئەو زەویانەی حکومەت بەسەر خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش و هەندێک شەهیدی دیکەیدا دابەش کردووە، جگە لەوەش چەندین گەڕەکی دیکە لەو خزمەتگوزاریانە سودمەند دەبن کە بودجەی تایبەتی لەلایەن پارێزگاوە بۆ دابین کراوە.

بڵند ڕەزا گوتیشی:  تەواوی زەوییەکان لە چوار شوێن هەر شوێنەی نزیکەی 150پارچە زەوین و نزیکەی 600 خێزان لێیانەوە سوودمەند دەبن و سێ جۆرە خزمەت گوزارییان بۆ دەچێت، ڕێگا، ئاو و کارەبا، تا ئێستا 25%ی پڕۆژەکە تەواو بووە و بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت.

Back to top button