بە گوژمەی نزیکەی 70 ملیۆن دۆلار پرۆژە لە سێ پارێزگای هەرێم جێبەجێ دەکرێن

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە بانکی نێودەوڵەتی نزیکەی 70 ملیۆن دۆلارمان پێ بدات بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی کە ئێستا خەریکی ڕێکارەکانن بۆ ئەوەی تەواو بکرێت و جێبەجێ بکرێن.

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگرین عەبدوڵا، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی ئەو قەرزەی بانکی نێودەوڵەتی دەیدات بە عێراق، پشکی هەرێمی کوردستانیش دەدرێت، بەپێی ئەو پشکەی لە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کراوە، چونکە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە 12،67% و لە قەرزەکەش بە هەمان شێوە دەبێت، بۆیە پشکی هەرێمی کوردستان لەو پارەیەی دەیداتە عێراق نزیکەی 70 ملیۆن دۆلارە.

ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: ئەو پارەیەی بانکی نێودەوڵەتی دەیداتە هەرێمی کوردستان چەند پرۆژەیەکی پێ دروست دەکەین لە دهۆک پرۆژەی فراوانکردنی ڕێگای گشتی بۆ سحێلان و ئۆڤەرپاسێک و ئۆڤەرپاسی شێخان دروست دەکرێت کە بەو ڕێگایە لە هەولێر تا دهۆک بێوەستان دەتواندرێت هاتوچۆ بکرێت و لە هەولێر پردی بەستی شرگە لەگەڵ ڕێگایەک و لە سلێمانییش ڕێگای جووتسایدی دووکان بۆ خەلەکان، ئەو پرۆژانە بەو پارەیەی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێن.

عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: ”ئێستا دەرخستەی پرۆژەکانمان ئامادە کردووە و خەریکی تەواوکردنی ڕێکارەکانین و ئەوان کۆمەڵێک دیراساتیان هەیە وەکوو ژینگە و کۆمەڵایەتی و سەلامەتی و خەریکین تەواویان بکەین، بۆیە خۆی سێ پرۆژەی سەرەکین، یەکێک لە هەولێر و یەکێک لە دهۆک و یەکێکیش لە سلێمانی.”

Back to top button