تا ناوەڕاستی ئەم مانگە لە دھۆک، دەبێ ھاوڵاتیان فۆرمی خۆراک بەئەلکترۆنی بکەن

بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: پێویستە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە لە پارێزگای دهۆک ئەوانەی تا ئێستا فۆرمی خۆراکیان بەئەلکترۆنی نەکردووە ئەوکارە بکەن ئەگەرنا بەشە خۆراکیان ڕادەگیرێت، نزیکەی 25هەزار خێزان هێشتا فۆرمی خۆراکیان بەئەلکترۆنی نەکردووە.

نەوزاد شێخ کامیل ، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: لە چەند پارێزگایەکی عێراق پرۆسەی بەئەلکترۆنی کردنی فۆرمی خۆراک بەردەوامە، لەوانە پارێزگای دهۆک هێشتا کارا نەکراوە، چونکە هێشتا لە هەموو پارێزگاکان جێبەجێ نەکراوە، چاوەڕێ دەکرێت لە هەموو پارێزگاکان جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی کارا بکرێت .

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: داوا لە هاووڵاتییان کراوە لە دهۆک ئەوانەی فۆرمی ئەلکترۆنییان دروست نەکردووە بچن دروستی بکەن ئەگەر تا 15ی 10 فۆرمەکە بەئەلکترۆنی نەکەن بەشە خۆراکی مانگانەیان دەبڕن، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین ئەوانەی تا ئێستا فۆرمی خۆراکیان بەئەلکترۆنی نەکردووە بچن بیکەنە ئەلکترۆنی.

گوتیشی: لە سنووری پارێزگای دهۆک بەشێوەیەکی گشتی تا ئێستا نزیکەی 25هەزار خێزان هێشتا فۆرمیان بەئەلکترۆنی نەکردووە.

Back to top button