تورکیا لە ڕێگەی ئاوەوە دەست بەسەر عێراقدا دەگرێت

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێکی عێراقیی، حکومەتی تورکیا پلانی هەیە ڕاستەوخۆ لەدوای بەنداوی ئەلیسۆ لەسەر ڕووباری دیجلە، بەنداوێکی تر دروستبکات، ئەمەش نەوەک هەر کاریگەریی  لەسەر کەمکردنەوەی پشکی ئاوی عێراق دەبێت، بەڵکو ڕەنگە بەتەواوەتیی ببێتە هۆی وشککردنی.

عادل موختار ڕاوێژکارو پسپۆڕی کشتوکاڵی لەوەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، ئەو دانوستانانەی لەماوەی ڕابردوودا لەنێوان عێراق‌و تورکیا لەسەر بەردانەوەی پشکی ئاوی عێراق لەهەردوو ڕووباری دیجلەو فوڕات کراون، هیچ ئەنجامێکی ئەووتۆیان لێ بەرهەمنەهاتووە.،

موختار وتویه‌تى:”لایەنە پەیوەندیدارەکانی دۆسیەی ئاو لەعێراق کە خۆی لەوەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکاندا دەبینێتەوە، ماوەیەکی زۆرە ئاگاداری ئەوەن کە عێراق ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاوستی ئاوی ڕوبارەکانی دەبێتەوە، بەڵام بەکرداری هیچ هەنگاوێکیان بۆچارەسەرکردن یان دورخستنەوەی ئەو کێشەیە نەناوە”.

موختار هۆشداریشیداوە، لەدروستکردنی بەنداوی جیزرە لەسەر ڕووباری دیجلە کە ئێستا لەقۆناغی دیزاینکردندایە، بەوپێیەی بەشی هەرەزۆری ئەو ئاوەی لەبەنداوی ئەلیسۆوە دێتە خوارەوە لەو بەنداوەدا گلدەدرێتەوە.

هەروەک سەرسووڕمانی خۆیشی دەربڕیوە لەوەی، هێشتا حکومەتی عێراق هیچ جۆرە ناڕەزاییەکی بەرامبەر بەدروستکردنی ئەو بەنداوە نوێیە لەلایەن تورکیاوە پیشان نەداوە.

Back to top button