تورکیا کوژرانی سەرکردەیەکی پەکەکە رادەگەیەنێت

سەرچاوەیەکی ئەمنیی تورکیا کوژرانی سەرکردەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 13-9-2021، ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی تورکی لە زاری ”سەرچاوەیەکی ئەمنی“یەوە بڵاوی کردووەتەوە، محەمەد ئەمین ئاکینجیی ناسراو بە (جەوهەر)، سەرکردە لە پەکەکە، کوژراوە.

ئەنادۆڵ هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، کە ئاکینجی لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی سوپا و هەواڵگریی تورکیا لە چیای گارە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، کوژراوە.

سەرچاوە ئەمنییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئاکینجی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ی باڵی سەربازیی پەکەکە بوو.

هەروەک ئەنادۆڵ بڵاوی کردووەتەوە، محەمەد ئەمین ئاکینجی لە ساڵی2011 لە تورکیاوە چووەتە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دواتر بووەتە یاریدەدەری فەرماندەی پەکەکە لە ناوچەی زاگرۆس و لە ساڵی 2020یشەوە وەک بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەپەگە، رووی لە چیای گارە کردبوو.

Back to top button