توێژینەوە: زۆر دانیشتن وەکوو جگەرەکێشان مەترسیدارە

توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات زیانەکانی زۆر دانیشتن زۆر کەمتر نین لە جگەرەکێشان، بەوەی رێگەخۆشدەکات بۆ قەڵەویی، تێکچوونی زیندەپاڵ و سەرەنجام زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن.

توێژینەوەکە لەلایەن نێوەندی پزیشکیی زانکۆی کۆڵۆمبیا بە هەماهەنگی حەوت دامەزراوەی دیکەی ئەمریکا ئەنجامدراوە و لە جۆرناڵی زانستی (Annals of Internal Medicine) بڵاوبووەتەوە.

پاش بەدواداچوون بۆ باری تەندروستی  هەشت هەزار کەس کە تەمەنیان 45 ساڵ بەرەوسەر بوو، توێژەرەکان گەیشتنە ئەو بەرەنجامەی تەنانەت ئەگەر وەرزشیش بکەین، زۆر دانیشتن رێگە خۆشدەکات بۆ زوو مردن.

کەمجووڵان و زۆر دانیشتن رێگە خۆشدەکەن بۆ قەڵەوی، تێکچوونی پرۆسەی زیندەپاڵی جەستە، بەرزەپەستانی خوێن، کۆبوونەوەی چەوری لە کەمەر، بەرزی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ.

هەموو ئەو زیانانەی زۆر دانیشتن هەیەتی، وایان لە توێژەرە ئەمریکییەکان کرد بگەنە ئەو باوەڕەی زۆر دانیشتن هاوشێوەی جگەرەکێشان مەترسیدارە.

بەڵام توێژەرەکان رێگەچارەی ئاسانیشیان پێیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی زۆر دانیشتن، بۆ نموونە هەر ٣٠ خولەک جارێک هەستە و هەندێک هاتووچۆ بکە، یان هەر جۆرە جموجووڵێکی دیکە.

هەرچەندە ئێستا رێژەی جگەرەکێشان لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان روو لەکەمبوونەوەیە، زۆر دانیشتن و قەڵەوی بوونەتە کێشەیەکی ئەوتۆ کە ناسناوی “جگەرەکێشانی هاوچەرخ” یان وەرگرتووە.

Back to top button