تیمی نێودەوڵەتی فڕۆكەوانی: فڕۆكەخانەی هەولێر نمونەیی بوە

تیمێكی نێودەوڵەتی تایبەت بەبواری فڕۆكەوانی پرۆسەی وردبینی ئاسایشیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كۆتایی پێهێنا.
دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، تیمی نێودەوڵەتی سەر بە رێكخراوی نێودەوڵەتی فڕۆكەوانی شارستانی رێوشوێنەكانی وردبینی ئاسایشی سەر دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراقی كۆتایی پێهێنا كە لەچوارچێوەی پرۆگرامێكی نێودەوڵەتیدا بو، بەپێی دوو پاشكۆی تیمەكەش فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن رێكخراوەكەوە نمونەیی بوە.
لەلایەن خۆشیەوە عیماد عەبدولڕەزاق سەرۆكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراق رایگەیاندوە، وردبینیەكە بۆ رێكخستنی رێوشوێنە ئەمنیەكانە لەناو فڕۆكەخانەكانی عیراقدا لەپاش جێبەجێكردنی پێوەرو پابەندیە نێودەوڵەتیەكان، وەك دەرەنجامی بەرایی وردبینیەكان پۆزەتیڤ بون لەلایەن ئەو تیمە نێودەوڵەتیەوە.
عەبدولڕەزاق راشیگەیاندوە، بەو هەوڵانەی لە رابردودا دراون سەركەوتنی ئەمڕیان بەدەستهێناوەو بەو بۆنەیەشەوە قەڵغانی وڵاتی رافیدەینمان پێشكەشی تیمە نێودەوڵەتیەكەو كارگێڕی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل و تیمی ئەمنی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عیراق كرد لەپای ئەو هەوڵ و رۆڵەی كە بینیویانە بۆ بەدەستهێنانی ئەم سەركەوتنە.

Back to top button