جارێکی تر کاکەییەکانی خانەقین داوای بەهاناوەچوون لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن

گۆڤەند سەرکەش_خۆر

کاکەییەکانی خانەقین داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن بەهانایەوە بچن و ڕادەگەیەنن کە مەترسی جینۆساید و قڕکردنیان لەسەرە و حکوومەتی عێڕق ناتوانێت ئەوان بپارێزێت.

بەهۆی مەترسیەکانی داعش و زیادبوونی جموجۆڵیان لە سنوری قەزای خانەقین، کاکەییەکان داواکاریەک ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەن ، سەعید کاکەیی کە دانیشتووی دەوروبەری قەزای خانەقینە بە (( خۆر ))ی ڕاگەیاند ” ئێمە لە ئێستادا بەهۆی لاوازی دەزگا ئەمنیەکان لە ژێر هەڕەشەی جدیداین، داعش جموجۆڵی زیاد کردوە لەناوچەکانمان و هەمیشە کاکەییەکان دەکەنە ئامانج ، لەلایەکی تریش حەشدی شەعبی بەبیانووی ئۆپەراسیۆن دژی داعش چەندین گوندی ئێمەیان کردوەتە ناوچەی جەنگی و چۆڵکراون ، ئەگەر ئەوە بەردەوام بێت ، وەک پێکهاتەی کاکەیی لەو ناوچەیی قڕدەکرێین چونکە ئێمە خۆمان چەکدار نین تاوەکو بتوانین پارێزگاری لەخۆمان بکەین ، دەزگا ئەمنیەکانیش لاوازن بۆیە ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت ئەوا ئێمە کۆتاییمان پێدێت “.

لەلایەکی ترەوە لەیلا نەجم چالاکوانی بواری ژنانی کاکەیی دەڵێت ” ژنانی کاکەیی بێ بەشن لەگشت پێشکەوتنێکی خودی ، ئەمەش بەهۆی ئەو دۆخەیە کەبەسەر ناوجە کاکەییەکاندا سەپێنراوە ، داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین بەهانای ئێمەوە بێن پێش ئەوەی ئێمە قڕ بکرێین ، هەروەها دزوا لە ڕێکخراوەکانی خانمان دەکەین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گرنگی بە ژنانی کاکەیی بدەن چونکە ئەوان بێ بەش کراون لە گشت مافێک بەتایبەت لە ڕووی بەشداری سیاسی و چالاکی مەدەنی و بەشداری لە بواری بەڕێوەبردن، دەتوانم بڵێم کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی ڕێکخراوەکانی خانمان بەهەمو شێوەیەک کەمتەرخەمن لەبەرامبەر خانمانی کاکەیی ، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کەوتونەتە ناوچە جێ ناکۆکەکان و لەئێستادا لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێڕاق و میلیشیاکانن”.

Back to top button