جاش پەرلەمانتارەکان لە بەغدا بەنیازی چین؟

دەبنە سروە و ئاڵا و شوێنی تەها محێدین مەعروف دەگرنەوە

((خۆر))-هۆشیار عەلی

پەرلەمانتارە نەیارەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کە بە جاش پەرلەمانتار ناسراون بەنیازن لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی دژ بە هەرێمی کوردستان خۆیان لەناو فراکسیۆنێکی هاوبەش دا کۆبکەنەوە، بۆ ئەوەی لەمەودوا بەشێوەیەکی ڕێکخراوتر جاشایەتی بۆ لایەنە شیعیەکان و حەشدی شەعبی بکەن.

بەپێی زانیاریەکان، ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردی بەغدا، کە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان، بە جاش پەرلەمانتار و نەیاری هەرێمی کوردستان ناودەبرێن، کە پێکهاتوون، لە (ئەحمەدی حاجی رەشید، ڕێبوار کەریم مەحموود، غالب محەمەد، یوسرا رەجەب، سەرکەوت شەمسەدین)، کە لە ئێستادا لە گفتووگۆدان لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعی دژ بە هەرێمی کوردستان، کە فراکسیۆنێکی هاوبەش لە پەرلەمانی عێراق بۆ دژایەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن، بەشێوەیەک ئەو کارانەی دژ بە هەرێمی کوردستان دەکرێن بە هاوبەشی بکرێن و لەناو پەرلەمانی عێراق وەکو ئۆپۆزسیۆنێکی ئاشکرا لە دژی هەرێمی کوردستان دەربکەون و پڕۆژە یاسا و بڕیاری دژ بە بەرژەوەندیەکانی هەرێمی کوردستان دەربکەن، تاوەکو لەو رێگەیەوە بە عەقڵی خەڵەفاوی ئەوان و هێزە شیعیەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان لە قاڵب بدرێ یان ئەگەر بکرێت بۆیان هەڵیوەشێننەوە.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە ئەوەی ئەو ئەندام پەرلەمانە ئەکرادە عێراقچیانە دەیکەن، پێشتر تەها محێدین مەعروف و یاسین رەمەزان کردویانە، ئەوە رژانی ئاوی ئەوانەیە، کە جاشەکانی ئەمڕۆ پێی لێ دەخشێنن، چونکە ئەو جاشانە ئێستا باش دەزانن ئەگەر بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە لە هەڵبژاردن نابنەوە بە ئەندام پەرلەمان، بۆیە دێن وەکو هەندێ لە پەرلەمانتارەکانی پێشتر، لەگەڵ ئەحزابە شیعیەکان و لە چوارچێوەی لیستەکانی ئەوان خۆیان کاندید دەکەنەوە هاوشێوەی سروە عەبدولواحید و ئاڵا ئەسەدی، ئەوەش لە پێناوی ئەوەی شەقامی شیعی دژ بە هەرێمی کوردستان دەنگیان پێبدنەوە کە گوایە ئەوانە هاوڕای ئەوانن بۆ دژایەتی هەرێمی کوردستان.

چاودێران دەڵێن، ئەوانە لە خەمی بوونەوە بە پەرلەمانتار و گیرفانی خۆیاندان و هەوڵدەدەن خەڵکی هەرێمی کوردستان بگەمژێنن کە لە خەمی قووت و بژێوی ئەوانن، لە راستیدا ئەو جاش پەرلەمانتارانە هەموو کوردستان بفرۆشن بەلایانەوە هیچ نیە گرنگ ئەوەیە پارەی جاشایەتیەکەیان بەردەوام و مسۆگەر بێت، کە بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری مانگانە هەر یەکەیان جگە لە مووچەکانیان لەلایەن حەشدی شەعبیەوە بڕی ١٠ هەزار دۆلاریان بۆ بڕاوەتەوە.

چاودیران پێشیانوایە ڕۆڵی ئەو پەرلەمانتارانە ئێستا هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لایەنە شیعیەکان دژ بە هەرێمی کوردستان کراوە، جگە لەوەش لایەنە شیعیەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان دەیانەوێ هەندێ کورد لەگەڵ ئەواندا بێت بۆ ئەوەی بەیانی بەناوی گفتووگۆوە لەگەڵ کورد، بەسەر هەرێمی کوردستاندا زاڵبن و بڵێن ئەوە مافی خەڵکی کوردستانمان داوە، هەر کە چۆن سەدام حسێن کاتی خۆی لەگەڵ تەها محێدین مەعروف و یاسین رەمەزان و هاوشێوەکانی ڕێکەوت و دواجار دەرکەوت کە قوڕ بۆ گەلی کوردستان گیراوەتەوە نەک پێدانی مافەکانی.

Back to top button