جوان عەبدوڵڵا: سێ ئەندامی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق بەر کورد دەکەون

جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەکەیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق بەڕێوەچوو. دەشڵێت، نزیکەی 550 کەس سیڤییان پێشکەش کردووە و سێ ئەندامی کۆمسیۆن بەر کورد دەکەون.

جوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: “لیژنەی مافی مرۆڤ خەریکی دانانی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤە لە عێراق و لە ڕێگەی وەرگرتنی سیڤییەوە بەپێی ئەو مەرجانەی دیاری کراون کاندیدانی کۆمسیۆن وەردەگیرێن، ئەمڕۆ یەکەم کۆوبونەوەی لیژنەی مافی مرۆڤ لەو بارەیەوە بەڕێوە چوو، 548 کەسیش سیڤیی خۆیان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق، لەو ژمارەیەش 49 کەس کورد بوون.”

ئەندامەکەی لیژنەی مافی مرۆڤ دەشڵێت: “پێکھاتەی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە عێراق لە 15 ئەندام پێک ھاتووە، لەوەش 12 ئەندام ھەمیشەیین و سێ ئەندامی یەدەکیشی ھەیە، لە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ پشکی پێکھاتەکانیش دیاری کراوە و سێ ئەندامیش بەر کورد دەکەون.”

جوان عەبدوڵڵا کە ھاوکات بڕیاردەری لیژنەی پسپۆڕانی تایبەت بە ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”ھەر کەسێک مەرجی پێویستی هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ دەتوانێت سیڤیی خۆی پێشکەش بکات و دواتر پێداچوونەوە بە سیڤییەکاندا دەکرێت و ئەوانەی مەرجەکانیان نەبێت ناچنە نێو پێشبڕکێوە.”

Back to top button