جوان عەبدوڵڵا: یاسای لێبوردنی گشتی ھەموار دەکرێتەوە

جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی لە عێراق گەیشتووەتە پەرلەمان و بەھۆی ھەبوونی ناکۆکی لەسەر ھەموارکردنەکە پێویستی بە ڕێککەوتن ھەیە دەشڵێ: دوای پەسەندکردنی ھەزاران کەس سوودمەند دەبن و بەر لێبوردنی گشتی دەکەون.

جوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی گەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق و دوای پێداچوونەوەی لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانەوە دەخرێتە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت، دواتر بکرێتە ڕاپۆرت و پەسەند بکرێت، پڕۆژەکە لەلایەن حکوومەتەوە پێشکەش کراوە و پێشتر مشتومڕێکی زۆری لەسەر کرەو.

جێگری سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ گوتی: یاسای لێبوردنی گشتی لە ساڵی ٢٠١٦ دەرکراوە و جارێک ھەموارکراوەتەوە، ھەمواری دووەمی بۆ دەکرێت و پەسەند دەکرێت، بەڵام پێدەچێت لەنێو پەرلەمانیش گفتوگۆی زۆری لەسەر بکرێت، چونکە لە بنەڕەتدا یاساکە لە عێراق کێشەی لەسەر ھەیە لەنێوان لایەنەکان لەبەر ئەوەیش پێویستی بە کۆدەنگی ھەیە بۆ تێپەڕاندنی.

جوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: بڕیارە ماددەکانی سێ ھەتا ماددەی شەش لەگەڵ ماددەی نۆ ھەموار بکرێنەوە، پێشبینی دەکەم ھەموارکردنی پڕۆژەکە زۆر بخایەنێت، بەڵام لەگەڵ پەسەندکردنی ھەزاران کەس ئەوانەی ئێستا لەنێو چاکسازیەکانن سوودمەند دەبن لە لێبوردنی گشتی و بەھۆی لێبوردنی گشتیەوە ئازاد دەکرێن.

Back to top button