جوتیار عادل: یەكێتی خۆی بڕیاریداوە بەشداری لە كۆبونەوەكان نەكات

جوتیار عادل وتەبێژی ‎حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات، لێكتێگەیشتنی باشیان لەگەڵ بەغدا هەیە، خاڵی ناكۆكیش هەیە بەڵام خواست بۆ چارەسەری ناكۆكییەكانیش هەیە، جەخت لەوەش دەكات كە یەكێتی خۆی بڕیاریداوە بەشداری لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران نەكات.
جوتیار عادل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێكی یاسایی حكومەتی هەرێم گەیشتووەتە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوت كۆدەبێتەوە، هەروەها شاندێكی دیكەش بەمەبەستی گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی فیدڕاڵی لەگەڵ حكومەتی عیراق كۆدەبێتەوە.
رونیشیكردووەتەوە، وەك هەرێمی كوردستان شەراكەتی راستەقینەیان دەوێت و دەمانەوێت كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەجۆرێك لە بەرژەوەندی هەموو هاوڵاتیانی عیراق بێت، دەستوریش تاكە چارەسەرە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا، خواستی ئەوەیان هەیە و داواش دەكەن بەشداربن لە بڕیاری سیاسی، سیاسەتی نەوت و دارایی.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە بەشداری نەكردنی تیمی یەكێتی لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران وتی، لەسەرەتای پێكهێنانی كابینەی نۆیەم داوایانكردووە ململانێی حزبی نەهێنرێتە ناو حكومەت، چونكە كاروباری حكومەت نابێت بوەستێت و دەبێت راییكردنی كاروباری خەڵك بەردەوام بێت، ئێستاش هیچ كەسێك بە تیمی یەكێتی نەوتووە بەشداری بكەن یاخودنا و ئەوان خۆیان ئەو بڕیارەیان داوە.

Back to top button