جگە لە 70 ملیۆن دۆلارەکە شاسوار عەبدولواحید 200 ملیۆن دیناری دیکەش قەرزارە

((خۆر))-هۆشیار عەلی

جگە لەوەی شاسوار عەبدولواحید لەسەردەمی بەرهەم ساڵح 42 ملیۆن دۆلاری لە حکوومەت بە قەرز وەرگرتووە و نەیداوەتەوە سوودی 30 ملیۆنی دیکەشی چووەتە سەر، کەناڵەکانیشی بڕی 200 ملیۆن دۆلار قەرزاری حکوومەتن و مۆڵەتی ساڵانەیان نوێ نەکردوەتەوە و باجی کارکردنیان نەداوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 9-12-2020, لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری، رایگەیاند، بەپێی ڕێنمایی ساڵی 2014ـی تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسیی کەناڵەکان، کە پاڵپشتە بە یاسا بەرکارەکان، وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیاری داخستنی کەناڵەکانی NRTـی بۆ ماوەی هەفتەیەک دا.

شێروان عەوڵا هەروەها رایگەیاند، تەنیا دوو کەناڵی ئەو تەلەڤزیۆنە مۆڵەتی یاساییان هەیە و دوو کەناڵەکەی دیکە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت کراونەتەوە و هەرچەندیش دادگای سلێمانی بڕیاری راگرتنی پەخشی کەناڵی چوارەمی دا، بەڵام پەخشەکەیان رانەگرت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی رۆشنبیری ئاماژەی بەوەش کرد، کە کەناڵی یەک و دووی NRT لە ساڵی 2015ـەوە مۆڵەتیان نوێ نەکردووەتەوە و بەمەش بڕی 100 ملیۆن دینار قەرزاری وەزارەتن و بە گشتیی هەموو کەناڵەکانی ئەو تەلەڤزیۆنە و رادیۆکەیان، بڕی 200 ملیۆن دینار قەرزارن.

Back to top button