جێگری مەڵبەندی ١ـی یەکێتی لە سلێمانی هەڕەشە لە حیزبەکەی دەکات

جێگری مەڵبەندی ١ـی یەکێتی لە سلێمانی هەڕەشە لە حیزبەکەی دەکات

نیازی هەورامانی جێگری مەڵبەندی ١ـی یەکێتی لە سلێمانی هەڕەشە لە حیزبەکەی دەکات و هاوکات رایگەیاند کە چیتر بانگەشە بۆ حیزبەکەی ناکات و ئامادە نییە دەنگ و رەنگی خۆی بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان بەکاربهێنێت.

لە نووسراوێکی تایبەتدا نیازی هەورامانی رایگەیاندووە، داوا لە خزم و دۆستانم دەکەم کە دانبەخۆیاندا بگرن و دەنگ نەدەن بە هاوپەیمانی یەکێتی و گۆڕان تاوەکو لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵوێستی خۆم رادەگەیەنم.

لە درێژەی نووسینەکەیدا هەورامانی دەڵێت: “ئەگەر سەرۆك حیزب و سەرۆك لیست و سەرپەرشتیاری مەڵبەند کاتتان هەبوو هۆکارەکەی دەڵێم بۆ بایکۆیتی هەڵبژاردن دەکەم. ئەگەر کاتتان نەبوو بۆ گوێگرتن، لە رۆژی ماڵئاوایی پێش هەڵبژاردن هەموو شت رووندەکەمەوە و داوای گەردن ئازادیتان لێدەکەم و ئازاد دەبم لە کوێ کار دەکەم”.

لە کۆتایشدا دەڵێت ئەگەر سەرکردەکانی یەکێتی کاتیان هەبوو بمبینن ئەوا هەڵویستی خۆمیان پێ رادەگەیەنم ئەگەر کاتیشیان نەبوو، ئەوا ئازاد دەبم و واز لە یەکێتی دەهێنم و ئازادم لەوەی لەداهاتوودا چی دەکەم.

ئەم هەڵوێستەی جێگری مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی بە جۆرێکی دیکە لە لێکترازان و قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی یەکێتی دادەنرێت، کە هەر ماوەیەو بەشێك و باڵێك و گرووپێکیان لێ دەبێتەوەو یان دەچنە ناو حیزبەکانی دیکەوە یان واز لە یەکێتی دەهێنن.

Back to top button