جێگری پارێزگار: شاخەوان عەبدوڵڵا به‌ڵێنی تەواوکردنی رێکارەکانی بە پارێزگا بوونی ھەڵەبجەی پێداوین

لەلایەن حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاکو ئێستاش ھەڵەبجە بەشێوەیەکی گشتیی وەک پارێزگا نەناسێندراوە بۆ سێ ساڵی داھاتووش بێبەش کراوە لە ھەموو جۆرێک لە بوودجە، ھاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وتویەتی رێکارەکانی بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە تەواو دەکەین.

کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە، ڕایگەیاند راگەیاند: “بەشێکی جوومگەکانی پارێزگای ھەڵەبجە لەلایەن حکوومەتی عێراقه‌وه‌ وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ ناکات، پێویستە ئەو پڕۆژەیەی حکوومەت ناردوویەتی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند بکرێت، ھاوکات لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق قسەمان کردووە و ناوبراو بەڵێنی ئەوەی پێداوین لە دوای پەسەندکردنی بوودجە ببرێتە ھۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان و تەواوکردنی رێکارەکانی بە پارێزگا بوونی ھەڵەبجە”.

کاوە عەلی گوتیشی: “لە بوودجەی سێ ساڵی داھاتووی عێراق ھیچ بەشە بوودجەیەک بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دانەندراوە، لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کورد ھەوڵماندا بڕگەیەک جێگر بکرێت و بوودجەیەکی تایبەت بۆ ھەڵەبجە دابندرێت، بەڵام پەرلەمانتار موسەننا ئەمین پێی وتین ھیچ بڕگەیەک لە بوودجەدا نەبووە و نەھاتۆتە لیژنەی دارایش بۆ دابینکردنی بوودجە بۆ ھەڵەبجە”.

عەلی گوتیشی: “داوامان کردووە لە سندوقی گەشەپێدانی پارێزگا زیانلێکەوتووەکان، ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ وەبەرھێنان و گەشەپێدانی ئابووری یارمەتی پارێزگاکە بدرێت و ھاوکاری پارێزگای ھەڵەبجە بکرێت”.

جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە ده‌شڵێ: “ئەو بوودجە ڕەمزیانەشی لە ساڵانی رابردوو بۆ ھەڵەبجە تەرخانکرابوون، پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازییە کە ملیارێک دینار بوودجەکەیەتی، ھەروەھا ھەندێک رێکاری ئیداری ماوە بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، ھاوکات بوودجەکانی ساڵانی رابردوو ھەموویان وەک بوودجەی کوردستان لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە”.

Back to top button