جێگری یەکێتی وەبەرھێنەران: “ھیچ پڕۆژەیەک بەبێ پێوەری زانستی جێبەجێ ناکرێت”

جێگری سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەمەودوا پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لەلایەن نووسینگەی ڕاوێژکارییەوە سەرپەرشتی دەکرێن، دەشڵێ: لە ئایندەیەکی نزیکدا کەرتی وەبەرھێنان زیاتر گەشە دەکات.

کەمال ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان،  ڕایگەیاند: ” بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لەلایەن نووسینگەی ڕاوێژکارییەوە سەرپەرشتی دەکرێن، تا بەپێی ستانداردی جیھانی و پێوەرە زانستییەکان جێبەجێ بکرێن، بەتایبەتی ئەو مەرجانەی پەیوەستن بە بومەلەرزە لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان ڕەچاو دەکرێن.

نووسینگەی ڕاوێژکاری بەرپرسە لە کوالێتی پڕۆژەکان ھەر کێشەیەکی ھەبێت ئەوە بەرپرسیاریەتی ھەڵدەگرێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی کوالێتی پڕۆژەکان، حکوومەت بەردەوام ھەوڵ دەدات یەکەکانی نیشتەجێبوون بە کەمترین نرخ بخرێنە بازاڕەوە تا زۆرترین ھاووڵاتی سوودمەندبن، سەرۆکی حکوومەت زۆر جەخت لە قیستی درێژخایەن دەکاتەوە بۆ بەرژەوەندی ھاووڵاتیان.

کەمال ئەحمەد ڕوونی کردەوە: ” ڕاستە سستی لەھەندێ پڕۆژەی وەبەرھێناندا ھەیە، بەڵام ھیچ پڕۆژەیەک ڕانەگیراوە، ئەوانەی ساڵانی رابردووش ڕاگیرابوون کێشەکانیان چارەسەر کراوە و دەست بە تەواوکردنیان دەکرێت، ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغداش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی وەبەرھێنان دەبێت و پێشبینی دەکەین لە ئایندەیەکی نزیکدا جوولە بکەوێتە کەرتی وەبەرھێنان.

Back to top button