جەمال عەبدوڵا : ئەو ئایدۆلۆجیایەی پەکەکە لەسەری دامەزراوە ئەوەیە کە دەبێت هەموو حزبە کوردیەکان لەناو ببات و هەر خۆی بمێنێتەوە.

((خۆر))-

پەكەكە ھەر لەسەرەتای درووستبوونیەوە وەكو حزبێكی دیكتاتۆریی ستالینی لە ڕێكخستن و ئایدۆلۆجیادا بڕوای تەواوی بەوە ھەبووە كە پێش دەوڵەتی توركیا دەبێ ھەرچی حزب و گرووپی تری كوردی و كوردستانی ھەن، ھەر ھەموویان لەناو ببرێن و تەفروتوونا بكرێن.

نوسەر و رۆژنامەوان جەمال عەبدوڵا، لەمبارەوە بۆ ((خۆر)) دەڵێت، با لە قسەیەکی (سەلیم چرووك كایا) سەرکردەی دەستلەکارکێشاوەی پەکەکە دەست پێبکەین کە لەمبارەوە دەڵێت: ”ئێمە بڕوامان بە سۆشیالیزم ھێنابوو بەڵام بە شێوە ستالینیەكەی و ھەر بەم ئایدۆلۆجیا و بڕوایەش پەروەردە دەكراین، جا ھەر لەبەر ئەم پەروەردەكردنەش بوو كە لە كۆتایی ساڵانی ھەفتاكاندا لەجیاتی ئەوەی بچین جەنگ لە دژی توركیا بەرپا بكەین، خۆمان ئاڵاندبووە سەربڕین و سەركوتكردنی پارت و گرووپە كوردیەكانی تر، ئێمە ھەموومان مۆدێل و ڕەوشتی ساڵانی بیستەكانی سەدەی بیستی پارتی كۆمۆنیستی ڕووسیامان كرد بە مۆدێل و ڕەوشتی خۆمان و ھەر ئەو ڕێگەیەی ئەوانیشمان بە ڕاست دەزانی، بۆیە ھەر ئەو ڕێگەیەشمان گرتە بەر كە ھەروەك چۆن پارتی كۆمۆنیستی ڕووسیا خۆیان لە ھەموو پارت و گرووپێك پاك كردەوە ئێمەش دەبوایە ھەمان كاری ئەوان دووبارە بكەینەوە“.

لەو قسەیەی سەلیم چرووك كایا – دا زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە پێش ھەموو شتێك دەبوایە و دەبێت پەكەكە ھەموو پارتەكانی كوردستان لە ھەموو بەشەكانی كوردستاندا لەناو ببەن. واتە ئەم شەڕپێفرۆشتنانەی ئێستای پەكەكە ھەر بەتەنیا پەیوەندیی بە پارتی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و پێشمەرگە و ئاساییشی ھەرێمی كوردستانەوە نیە، بەڵكوو ئەم ڕەوشت و ئایدۆلۆجیایە ھەر لە سەرەتای درووستبوونی پەكەكەوە، پەكەكەی پێ پەروەردە كراوە و ئەوەی پێیان كرابێت دژی ھەموو حزبەكانی ھەموو بەشەكانی كوردستان كردوویانە. باشە ئەوە گریمان پارتی خراپە! ئەی باشە پارتی سۆشیالیستی كوردستانی توركیا كە كەمال بۆرقای سەرۆكی بوو خۆ ئەوان ھەر لەم بەشەی كوردستانیش نەبوون دە بچن با ئەوان باسی پەكەكەتان بۆ بكەن.

دیسان گریمان پارتی خراپە ئەی ئاڵای ڕزگاریەكەی ھەڤاڵ خەجۆ؟ خۆ ئەوانیش ڕێكخراوێكی باكووری كوردستان بوون دەبچن با ئەوان باسی پەكەكەتان بۆ بكەن. دیسانەوە گریمان پارتی خراپە ئەی پارت و گرووپە كوردی و كوردستانیەكانی ناو ئەنەكەسە (ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا) خۆ ئەم ئەنجوومەنە 14 حزب و لایەنی كوردی ڕۆژئاوای كوردستانی تیایە دە بچن با ئەوان باسی پەكەكەتان بۆ بكەن كە جگە لەوەی شەوی ڕابردوو بە پیلانێكی پێشوەختە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە سنووری پارێزگای دهۆك داوە و لە ئەنجامیشدا پێشمەرگەیەك بە ناوی جاهید عەبدولڕەحمان كە پلەی ملازمی یەكەمە شەهید بووە، ھەر نیوەڕۆی ئەمڕۆش 14 – 12 – 2020 تەقەیان لە ئۆفیسی ئەنەكەسە لە درباسیەی ڕۆژئاوای كوردستان كردووە.

دیسان گریمان پارتی خراپە، ئەی حزب و لایەنەكانی ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە ھەموو كۆمەڵە و دیموكراتەكانیەوە؟ دە بچن با ئەو حزب و لایەنانەی ڕۆژھەڵاتی كوردستانیش باسی پەكەكەتان بۆ بكەن. جا بۆیە حزبێك كە لە سەرەتای دروستبوونیەوە و ھەر لەسەر زاری خۆشیانەوە بڵێن ئێمە پێش ئەوەی دژی توركیا شەڕ بكەین لەناوبردنی پارت و گرووپە كوردیەكان ئیش و ئەركی یەكەممانە، كەواتە ھیچ چار نیە و ئەگەر بەرەنگاری پەكەكە نەبیتەوە، دەتكوژێت، چونكە ئەوە سروشت و ماھییەتی ڕاستەقینەی پەكەكەیە.

Back to top button