جەمیل بایک هێرش دەکاتە سەر رۆژئاواو دەڵێت قبوڵی ناکەین سەروەتی رۆژئاوا بۆ هەموو سووریا نەبێت

 

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

دوای سەرکەوتنی پڕۆژەی ئەنەکەسە و دوورخستنەوەی هەژموونی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان، هەروەها رێکەوتنی نەوتی لە نێوان ئیدارەی رۆژئاوا و ئەمریکا، جەمیل بایک هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و بە باکوری سوریا ناوی دەبات، دەشڵێت ” قبوڵی ناکەین سەروەتی رۆژئاوا بۆ هەموو سووریا نەبێت“.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (( خۆر )) کەوتوون ئەمریکا و هاوپەیمانان پڕۆژەی ئەنەکەسە بۆ فیدڕاڵیەتی ڕۆژ ئاوا بە باش دەزانن و ئێستا کار دەکرێت بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیە بەپاڵپشتی وڵاتە زڵهێزەکان، هەروەها ڕێکەوتنی نێوان (ئەنەکەسە و هەسەدە)ش وایکرد لە ڕۆژئاوا دۆزەکە ببێتە دۆزێکی نەتەوەیی، سیاسەتوانانی کوردیش لەسەر ئەم پرسە ڕایانوایە پڕۆژەکەی ئەنەکەسە سەبارەت بە فیدڕاڵیەتی ڕۆژئاوا سەرکەوتوبووە بەسەر هەژموونی پەکەکە و بە کانتۆنکردنی رۆژئاوای کوردستان، پێشیانوایە چوونی ئەنەکەسە بۆ ناو کایە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا ئەوە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە وڵاتان پشتگیری فیدڕاڵیەتی ڕۆژ ئاوا بکەن و ئێستا تەنها چەند خاڵێک ماون بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی کە گرنگترین خاڵی بریتیە لە گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ رۆژئاوای کوردستان و پاراستنی رۆژئاوا لە چاوتێبڕینەکانی تورکیا.

لەبەرامبەردا جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆماجڤاکێن کوردستانێ ( کەجەکە ) لەڕێی میدیاکانی حیزبەکەیەوە هێرشیێکی توندی کردوەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت ” هەر سەروەتێک لەسەر زەوی و ژێر زەوی خاکی سوریا هەیە، هی گشت گەلانی سوریایە، تەنها هی هەندێک کەس نیە”، شرۆڤەکاران ئەم لێدوانەی جەمیل بایک بە تۆمەتبارکردنی مەزڵوم کۆبانی دادەنێن و بە بەشێک لەو رق و کینە پەنگخواردوەی دەزانن کە بەهۆی ئەنەکەسەوە دۆخی رۆژئاوا بەرەو باشی چووە.
ئەو هاوسەرۆکەی کەجەکە ئەوەش دەخاتە ڕوو و دەڵێت ئەگەر ئەم ڕێکەوتنە بۆ سوریا بێت ئێمە کێشەمان نیە، بەڵام ئەگەر تەنها داهاتەکەی بۆ ئیدارەی ” باکوری سوریابێت ” کەمەبەست لێی ڕۆژئاوایە ، ئەوە جێگەی قبوڵکردن نیە.

Back to top button