حاكم شێخ لەتیف پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان : ”پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی بڕیاری گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی نیە“

((خۆر))-

پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان لە بەغدا، ڕای دەگەیەنێت پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتی بڕیاری گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی نیە.

حاكم شێخ لەتیف، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، لە پێگەی خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) وتارێكی بڵاو كردۆتەوە بە ناونیشانی (ئایا پەرلەمانی عێراق دەتوانێ بڕیار لەسەر گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات؟“، تیایدا ئەوەی روونکردوەتەوە کە “پەرلەمانی عێراق دەسەڵات بڕیاردانی خەرجکردنی پارەی نییە و ناتوانێ ھیچ بڕە خەرجییەکی زیادە بەدەر لەوەی لە بودجەدا بڕیاری لەسەر دراوە، زیاد بکات یان حكوومەت ناچار بکات بەو خەرجییە”، بەڵكوو هەر خەرجییەكی زیادە دەبێت پڕۆژەكەی لە ڕێگەی حكوومەتەوە پێشكەش بكرێت یانیش بە ڕەزامەندیی حكوومەت بێت، “ئەگەرنا پابەندی بۆ حكوومەت دروست ناكات”.

حاكم شێخ لەتیف، ئاماژەی بەوەش داوە کە پەرلەمانی عێراق بێ رەزامەندیی حكوومەت ئەگەر بیەوێت بڕیارێكی لەم شێوەیە بدات، “تەنها یەك دەسەڵاتی هەیە، ئەویش دەركردنی بڕیارێكی نامولزەمە بۆ حكوومەتی عێراق كە لە چوارچێوەی یاسای بودجە و كارگێڕیی دارایی، چارەسەرێك بۆ كێشەكە بدۆزێتەوە”.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو كە پڕۆژەیەكی لەم شێوەیە پێویستە سەرەتا بۆ حكوومەتی عێراق بنێردرێت یان ڕەزامەندیی حكوومەتی عێراقی بۆ وەربگرێت، بەڵام لەم حاڵەتەشدا بابەتەكە دەوەستێتە سەر ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان.

پەرلەمانتارەكەی پێشووی گۆڕان جەختی كردۆتەوە كە حكوومەتی عێراق مووچەی هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج ناكات، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە كە خەرجكردنی ئەم بابەتە بەستراوەتەوە بە رادەستكردنەوەی نەوت و داهاتی خاڵە سنوورییەكان، جگە لەوەی “ئێستا خۆی كێشەی گەورەی دارایی هەیە و شەقامی عێراق و پەرلەمانتارانیش قەبوڵ ناكەن”.

Back to top button