حكومەتی هەرێم وردەكاری هاتنی 3 مووچە لە بەغداوە ڕووندەكاتەوە

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكومه‌تی عێراق بڕیاریداوه‌ بۆ ماوه‌ی سێ مانگ بڕی 500 ملیار دینار خەرج بکەن بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ده‌شڵێت: “سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو دەسەڵاتەی هەیە بابەتی موچە جیابکاتەوە لە خەرجییەکانی دیکە”.

د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئه‌مڕۆ لە كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، “لە دوا کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردراوه،‌ کە بەشێوازی قەرز هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید پێکەوە بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 500 ملیار دینار خەرج بکەن بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو بڕە پارەیەش هاوشێوەی ژمارەکانی خشتەی یاسایی بودجەی عێراق نییە، کە دەستنیشان کراوە بۆ ساڵی 2023 تا 2025”.

وتیشی، “لە عێراق موچەی مانگه‌كانی 7 و 8 خەرجکراوە، بۆیە واچاوڕوان دەکرێت بڕی ترلیۆنێک دینار بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بەهەمان شێوی بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی 9 بڕی 500 ملیار دیناری تر بەشێوازی قەرز دەنێردرێت”.

ئاشكراشی كرد، لە دوا کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری هەرێم و عێراق پێشنیاری هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌بوو بابەتی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە بهێنرێتە دەرەوە لە ڕێکەوتنەکە، چونکە لە عێراق سەڕەرای قەیرانەکان موچەی موچەخۆران لەوادەی خۆیدا دابەشکراوە، بۆیە داواکراوە مووچە جیابکرێتەوە لە خەرجیەکانی تر.

سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم جەختیشی كردەوە، ئێستا سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو دەسەڵاتەی هەیە بابەتی مووچە جیا بکاتەوە لە خەرجییەکانی دیکە، کە لەخشتەی بودجەدا هاتووە.

Back to top button