حكومەتی هەرێم وەڵامی راپرسیەكەی رۆژنامەی ئەلسەباحی دایەوە

سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی راپرسیەكەی رۆژنامەی سەباحی دایەوە.
لە راگەیەنراوێكدا سایتی حكومەتی هەرێم بڵاویكردۆتەوە، رۆژنامەی ئەلسەباحی عیراقی نوسینكی بڵاوكردوەتەوە كە گوایا لە راپرسییەكدا خەڵك بێ هیوا بون لە دەسەڵاتی سیاسی هەرێم و خوازیاری گەڕانەوەن بۆ سەر بەغدا.
راشیگەیاندوە، ئەم سەنتەرو بەناو راپرسیەی رۆژنامەكە پشتی پێ بەستوە هیچ بنەمایەكی زانستی نیەو دورە لە راستییەوە، ئەگەر بەڕاستیش رۆژنامەی (الصباح ) و ئەوانەی لە پشتیەوەن باوەڕیان بە راپرسییە، لە 25ی سێپتەمبەری 2017  زۆرینەی هەرە زۆری خەڵكی كوردستان لە گەورەترین راپرسی و ریفراندۆمی جەماوەری و دەنگدانێكی ئازاددا، قسەی خۆیان كردو دەنگیان بۆ جیابونەوەدا، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەوكاتی بەغدا بە هێرشی سەربازی و بەكارهێنانی سوپا لە دژی خەڵكی كوردستان و گەمارۆدان وەڵامی ریفراندۆم و رای خەڵكیان دایەوە.
سایتی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوەكەدا دەشڵێت: خەڵكی پارێزگاكانی عیراق، خۆیان شاهیدی دەدەن  كە هەرێمی كوردستان لە روی پێشكەوتن و ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەوە بە چەندین ساڵ لەپێش ناوچەكانی دیكەی عیراقەوەیە، ئیتر چۆن خۆزگە بەوە دەخوازن و داوا دەكەن بگەڕێنەوە سەر شوێنێك كە لە هەموو بوارەكاندا وێران و كاول بوە
راشیگەیاندوە، هەرێمی كوردستان خاوەن قەوارەیەكی یاسایی و دەستورییەو بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدو خۆڕاگری پێشمەرگە قارەمانەكانەو هیچ دەسەڵاتێك توانای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستانی نیەو بە نوسینی رۆژنامەیەكی مایەپوچ هەڵناوەشێتەوە كە پارەیەكی زۆری لێ خەرج دەكرێ و كەسیش هەر نازانێ ماوە یان داخراوە.

Back to top button