حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دوو ڕێگا دەیەوێت دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و خەڵک بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دوو ڕێگا دەیەوێت دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و خەڵک بگەڕێتەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان، لەوانە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و دامەزراندنی سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال، بۆیە هەوڵ دەدرێت شنگال هاوشێوەی هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان خۆش و ئارام و سەقامگیر بێت.

ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر بێوار خنسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”کوردانی ئێزدی ناخۆشیی زۆریان بینیوە و تووشی زۆر کێشە بوون و پەرشوبەڵاو بوون و تاوەکوو ئێستا نەگەڕاونەتەوە بۆ شنگال، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی دەدات بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و خەڵکی شنگال بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان و دووەمیش لە پرۆژەیاسای بودجە سندووقێک دانراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال کە بۆ هەر ساڵێک بۆ ئەو سندووقە 50 ملیار دینار تەرخان بکرێت، ئەمەش هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی شنگال ئاوەدان بکرێتەوە.”

دکتۆر بێوار خنسی گوتیشی: ”سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموویان پشتگیریی ئەوە دەکەن کە پێویستە شنگال وەکو هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستانی لێ بێت و ژیانی لێ خۆش بکرێت و دۆخەکەی ئاسایی بکرێتەوە و هاوکارییان بکرێت و جارێکی دیکە بە جۆرێک پشتگیرییان بکرێت کە ناخۆشی و نەهامەتییەکانیان کەم بکرێتەوە.”

خنسی ڕوونیشی کردەوە: ”حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی دۆخی ئەمنیی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ڕەوشی شنگال سەقامگیر بێت، بە جۆرێک کە خەڵکی شنگال ژیانێکی ئاساییان هەبێت و تووشی هیچ مەترسییەک نەبن، بۆیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەسەر خەتە بۆ ئەوەی دۆخی شنگال لە هەموو ڕوویەکەوە ئاسایی بکرێتەوە.”

Back to top button