حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم ماوە کەمەدا چی کردوە؟

مەسروور بارزانی بە کەسایەتییەکی بەهێز دەزانرێ بۆ سەرکەوتنی قۆناغەکە

((خۆر))- هۆشیار عەلی

ئەگەرچی بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، مەسروور بارزانی، هەر لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نۆیەم لەبەردەم چەندین کۆسپ و هەورازی گەورە دابووە، هەر لە کێشە زۆرەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لە ناوخۆش قەیرانی دارایی، هەروەها کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆر بەسەر حکوومەتەوە لەگەڵ کەمیی خزمەتگوزارییەکان لە هەندێ شوێن و خراپی ڕێگەو بان،بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مەسرور بارزانی پیاوی چارەسەری کێشە گەورەکان بووە، هەر بۆیەش لەم ماوە کەمەی کابینەکەیدا هەنگاوی گەورەی ناوەو سەرکەوتوو بوو.

بەجۆرێک ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو شارو شارۆچکەیەک پڕۆژەی ستراتیژی  هەیە کە بە بەهای ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت.

هاوکات، حکوومەت ھەنگاوەکانی چڕکردوەتەوە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و لە هەموو شاروشارۆچکەیەکی کوردستان دەست بە ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری کراوە، هەر لە سەرەتاوە دانانی بەردی بناغەی ناوچەی پیشەسازیی لە دھۆک، بووە جێگەی ئومێدی هاووڵاتیانی ئەو شارە، کە پڕۆژەکە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی پیشەسازی کە لەسەر رووبەری ھەزار و ٤٢٣ دۆنم زەویە و ئێستا دەست بە دروستکردنی کراوە و قۆناغی باشی بڕیوە کە نزیکەی ٢٧٥ کارگەی جۆراوجۆری خۆراکیی لێ دەبێت و دەتوانێت زۆربەی بەروبوومی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت، جگە لەوەش، ٢٢٩ کۆگا لەخۆ دەگرێت، کە توانایان دەبێت بەروبوومی جووتیاران بۆ ماوەی چەندین مانگ ھەڵبگرن، لەگەڵ بوونی ژمارەیەک ھۆتێل، مۆتێل و رێستۆرانت و شوێنی دیکەی خزمەتگوزاری، کە تەنیا بۆ قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە ٧٠ ملیار و ١٢٨ ملیۆن دینار تەرخان کراوە.

هاوکات، هەر  لەم ماوەیەدا بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەک لە ناحیەی دێرەلووکی سەر بە قەزای ئامێدیی سنووری پارێزگای دھۆک دانراوە.

لە ھەولێریش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری کارەبادا چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی ھەبووە، لەوانە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بەستنەوەی وێستگەی کەسنەزان بە (ھێڵی ١٣٢ کەی ڤی) و دانانی وێستگەی (١٣٢ کەیڤی سۆران) کە دەکەوێتە سەر رێگای (سۆران- رواندز)، گۆڕینی تەلی نێوان (شەقڵاوە- سۆران) و فراوانکردنی وێستگەی سۆران بە گوژمەی ٦.٧٠٠.٠٥٠ دۆلار، لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.

لەگەڵ بوونی پرۆژەی وەبەرھێنان بۆ بەرھەمھێنانی ١٠٠ مێگاوات کارەبا لە ئاو (HIDRO +)، کە لەلایەن ھەردوو کۆمپانیای (ئاریان ئیندەستریت- ئوسترالی و strog oil) بە گوژمەی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار بنیات دەنرێن. ھەر لە ھەولێر ئێستا پڕۆژەی دروستکردنی دووسایدی ھەولێر- دھۆک، یەکێکە لە ڕێگا ستراتیجییەکان و دەبێتە یەکەمین پڕۆژەی بە دووسایدکردنی نێوان دوو پارێزگا، کە بەپێی ستانداردی جیھانی دیاریکراوە و کراوەتە دوو بەش، تیمەکانی کارکردن تەواوی ھەوڵەکانیان خۆیان چڕکردووەتەوە، بۆ ئەوەی تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ ڕێگاکە تەواو بکرێت، بەشی یەکەمی پڕۆژەکە لە شەقامی ١٢٠ مەتری تا دەگاتە ئۆڤەرپاسی گەزنە و بەشی دووەمیش لە ئۆڤەرپاسی گەزنەوە بۆ گوندی چەمەیە، لە گوندی گۆپاڵەوە تاوەکو ڕووڤیاش ڕێگاکە تەواو کراوە.

هەر لەم ماوەیە وێستگەی کارەبای خەبات، بە بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلار کراوتەوە کە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەکەیدا، وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردبوو، کە بە تەواوکردنی کارەکانی وێستگەکە، بڕی ١٥٠ مێگاوات کارەبا بۆ ھەرێمی کوردستان زیاد بووە، ئەمەش سوودی بۆ زیادکردنی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی ھەیە.

لەگەڵ دابینکردنی بڕی یەک ملیار دینار بۆ تەندروستیی ھەولێر، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا.

ھەروەھا ھەر لەم ماوەیەدا، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بەردی بناغەی پڕۆژەی ئەندەرپاسەکانی شەقامی بارزان لە شاری دھۆک دانراوە.

جگە لەوەش، ھەر بە فەرمانی مەسرور بارزانی، بڕی ٥٠ ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەک لە زاخۆ تەرخان کراوە.

لە ھەڵەبجەش بە فەرمانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕی ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ تەندروستیی پارێزگای ھەڵەبجە تەرخان کرا.

ھەروەھا پڕۆژەی دروستکردنی پردی تووەقووت و بەستنەوەی پارێزگای ھەڵەبجەیە بە ئیدارەی گەرمیانەوە، یەکێکە لەو پڕۆژانەی، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنی داوە.

هەفتەی رابردووش پردی دەربەندی رانیە ـــ بنگرد، بەگوژمەی زیاتر لە 11 ملیار دینار کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەبارەت بە سلێمانی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری دابینکردنی بڕی زیاتر لە ٤٠٠ ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی داوە، کە ئێستا دەست کراوە بە دروستکردنی و قۆناغی باشی بڕیوە، کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکان بۆ شاری سلێمانی.

ھەر بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، بڕیاری خەرجکردنی چوار ملیار دینار دراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە سلێمانی و چەمچەماڵ.

ھەروەھا بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بڕی ١٥٠ ملیۆن دینار بۆ تەندروستیی پێنجوێن تەرخان کراوە، لەگەڵ دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ دەربەندیخان، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا.

جگە لەوانەش، لە ماوەی کابینەی نۆبەمدا، لە دەستەی گشتیی وەبەرھێنان ٢٢٠ پڕۆژە پەسەند کراون، پڕۆژەکان لە زۆربەی کەرتەکاندا بوون، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، ٦٠ پڕۆژەیان لە ھەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵدا بووە.

سەبارەت بەو کار و پڕۆژانەش، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تویتێکدا، لە ماوەی رابردوو بڵاوی کردەوە، کە ٥٠٠ ملیار دینار (چوار سەد و بیست ملیۆن دۆلار) بۆ چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری تەرخان کراوە.

مەسرور بارزانی رایگەیاند، ژێرخانێکی پێشکەوتوو، بناغەی ئابوورییەکی مۆدێرنە، بۆیە ئێمە بە بەھای ٥٠٠ ملیار دینار بودجەمان بۆ پڕۆژەکانی کارەبا، سایلۆ، رێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ تەرخان کردووە.

ئاماژەی بەوەش دا، کە بناغە بۆ کوردستانێکی بەھێزتر و خۆشگوزەرانتر دانراوە.

روونیشی کردەوە، کە ئەم پڕۆژانە بە چەند قۆناغێک ئەنجام دەدرێن و سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دەگرنەوە و ھەزاران دەرفەتی کار لە ھەرێمی کوردستان دەڕەخسێنن.

لە دوو هەفتەی رابردووش، سێ پڕۆژەی ستراتیژی کشتوکاڵ لە هەرسێ پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کەوتونەتە بواری جێ بەجێکردنەوە کەبەهۆیەوە کەرتی کشتووکاڵی پێشکەوتنی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.

چاودێران پێیانوایە کابینەکەی مەسرور بارزانی نەک هەر سەرکەوتوو بووە بەڵکو لەم ماوەیەدا هەنگاوی یەکجار گەورەی ناوە کە هەنگاوەکان بۆ بەردەم حکوومەتە بەهێزەکانی دنیا وەکو تەحەدایەکە.

شێرزاد زەکەریا، چاودێری سیاسی کە مامۆستای زانکۆی دهۆکە، لەمبارەوە دەڵێت ”مەسرور بارزانی وەکو سەرۆکی حکوومەت  و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گشتی سەرکەوتووانە توانیویەتی رووبەرووی قەیرانەکان بێتەوە، کە دەتوانین بڵێین لە ناخۆشترین سەردەمی قەیرانی پەتای کۆڕونا و ئابووری دا حکوومەت توانیویەتی ئیدارەیەکی باشی هەرێمی کوردستان بکات، ئێستاش هەنگاوە کرداریەکانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژیەکان بۆ بونیادنانی ئابووریەکی بەهێز تەواو دەرکەوتوون، دەشڵێت “حەقی خەڵکە چاوەڕێی زیاتر دەکات لە حکوومەتەکەی، چونکە هەر چۆن منداڵان چاویان لە باوک و دایک و کەسووکاریانە زیاتریان بۆ بکات، خەڵکی کوردستانیش هەمیشە دەیەوێ حکوومەت زیاتر پڕۆژە و خزمەتگوزاری باشتری هەبێت، بە گشتی ئەوەی تێبینی دەکرێ هەنگاوەکانی حکوومەت و پڕۆژەکانی لە زاخۆ وە تاوەکو هەڵەبجەیە کە ئەوەش بونیادێکی ئابووری فراوان دەبەخشێتە هەرێمی کوردستان”.

هاوکات، دیپلۆماتکار و چاودێری سیاسی، دڵشاد میران، دەڵێت “ مەسرور بارزانی، کەسایەتییەکی بەهێزە و شارەزاییەکی زۆری لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکاندا هەیە، ئەگەرچی هەنگاوەکانی بەردەمی قورسن، بەڵام کاری جدیی کردوە و هەنگاوی گەورەتری لێ چاوەڕوان دەکرێت، چونکە کەسایەتیەکی جدییە و چاکسازیخوازە و بە (پیاوی ئەرکە سەختەکان) ناسراوە، بەتایبەتی لە رۆژانی سەختدا دۆسێی ئەمنیی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە و لەو مەلەفەدا سەرکەوتوو بووە، بە شێوەیەک لە شەڕی دژ بە تیرۆر و بەرقەرارکردنی ئاسایش و بە دامودەزگاییکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان، رۆڵی سەرەکیی هەبووە، ئەوەش وایکردووە خەڵک ئومێدی زۆری لەسەر هەڵچنێت”.

لای خۆشیانەوە، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدا کە بەهێزیی دۆخی ناوخۆیی پارتی و یەکگرتوویی و یەکگوتاری و بوونی سەرۆک بارزانی، وەکوو مەرجەعی سیاسیی کوردستان و مەرکەزیەت لەناو پارتیدا، پاڵپشتییەکی باشی داوە بە سەرکەوتنی مەسروور بارزانی لە سەرۆکایەتیی حکوومەتدا، ئەمە لەکاتێکدایە، حزبەکانی دیکە بەردەوام کێشە و ناسەقامگیریی سیاسی لەنێویاندا هەیە و ئەوەش کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر بەرپرسانیان لە حکوومەتدا.

هاوکات، دیندار نەجمان دۆسکی، ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی دامەزرێنەری یەکگرتووی ئیسلامی، لەمبارەوە ڕای گەیاندووە، مەسروور بارزانی، لەبەردەم تەحەدایەکی گەورەدا، قۆناغەکەی تێپەڕاندووە، لەو هەموو پرسە سیاسی و ئابوورییەی کە دووچاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، بەڵام پیاوی رۆژە سەختەکانە و سەرکەوتنی لە پۆستەکەی چاوەڕوانکراو بووە.

Back to top button