حکوومەت بۆ مووچە و دۆخی دارایی کۆدەبێتەوە

پەلە دەکرێت لە دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە

(خۆر))-هۆشیار عەلی
وابڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی دۆخی دارایی و دابەشکردنی مووچە کۆبێتەوە، پێشتر ((خۆر)) ئەوەی ئاشکرا کرد کە پەلە دەکرێت لە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
دوای رێکەوتنی هەولێر و بەغدا و ناردنی بڕی ٣٢٠ ملیار دینار کە وابڕیارە هەر ئەمڕۆ بخرێتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکانی پێشخست، تاوەکو لەسەر میکانزمی دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە رێکبکەوێت.
لەمبارەوە، د. جووتیار عادل، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجام دەدات.
هاوكات ئاشكرای كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی دارایی و دۆخی مووچە لە هەرێمی كوردستان دەخرێتە ڕوو، “بە مەبەستی گفتوگۆ و بڕیاردانی پێویست”.
ڕوونیشی كردۆتەوە، كۆبوونەوەكە كاتژمێر ١٠:٣٠ خولەكی پێش نیوەڕۆ بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و بەشداری جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و ئه‌ندامانی كابینەی حكوومەت بەڕێوە دەچێت.

Back to top button