حەشدی شەعبی بازگەی نایاسایی دادەنێت و سەرانە لە خەڵک وەردەگرێت

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

حەشدی شەعبی بەردەوامە لە وەرگرتنی سەرانە لە خەڵک و بازرگانان لەڕێگەی بازگەی نایاساییەوە، حکوومەتی عێڕاقیش دەسەڵاتی بەسەریانەوە نیە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (( خۆر )) کەوتوون لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێڕاق چەکدارە میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی چەندین بازگەی نایاساییان داناوە بەجلی فەرمیەوە داوای سەرانە لە خەڵک و بازرگانان دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی عێڕاق بانگەشەی ئەوە دەکات دەستی میلیشیاکان لە دەوڵەت دوور بخاتەوە، بەڵام شکستی هێناوە لە نەهێشتنی بازگە نایاساییەکان و خەڵکییش داوا دەکەن ئەو بازگانە نەمێنن .

حکوومەتی عێڕاق دوای ئەوەی بازگەیەک لە پارێزگای سەڵاحەدین هەڵدەگرێت بۆ ڕۆژی دواتر دادەنرێتەوە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە کەسانی دەست ڕۆیشتوو و پلەبەرزی سەربازی و حکوومییان لە پشتیانە .

چاودێرانی دۆخی ئەمنی عێڕاق ڕادەگەیەنن حکوومەتی عێڕاق ناتوانێت سەرکەوتوبێت لە دوورخستنەوەی دەستی میلیشیاکان و حیزبە سیاسیەکان لەناو حکوومەت، چونکە میلیشیاکان بەشێکی سەرەکین لە پێکهێنانی حکوومەت و نوێنەریان هەیە لە ئەنجومەنی نوێنەران ، بۆیە بە بڕوای ئەوان باشترین چارەسەر ئەوەیە حکوومەتی عێڕاق داوای هاوکاری لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکات بۆ ڕوو بەڕوو بونەوەی میلیشیاکان و نە هێشتنی کاری چەتەیی.

Back to top button