حەشدی شەعبی لە پشتەوەی تەقینەوەکانە لە بەغدا؟

((خۆر))- هۆشیار عەلی

هەندێ سەرچاوەی زانیاری ئاماژە بە بوونی دەستی حەشدی شەعبی دەکەن لە پشتی تەقینەوەکانی چەند رۆژی رابردووی شاری بەغدا، بە شێوەیەک ئەو هێزە دەیەوێ بە بیانوو لە پەنای ئەو تەقینەوانەوە چەند ئامانجێک بپێکێت.

زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەدەن، ئامانجی یەکەمی حەشدی شەعبی مانەوەیەتی، تاوەکو پرسی هەڵوەشاندنەوەی نەیەتەوە بەرباس، جگە لەوەش دەیەوێ بودجەی زەبەلاحی کە زیاترە لە بودجەی هەرێمی کوردستان و چەندین پارێزگای دیکە لە عێراق مسۆگەر بکات لە پڕۆژە یاسایی ٢٠٢١ی عێراق، بەوەش چەک و پارەی زیاتری دەست بکەوێ.

هاوکات، بەپپێی زانیارییە دزە پێکراوەکان لە دەزگا ئەمنیەکانی عێراق بۆ میدیاکانی، ئەو دوو خۆکوژەی رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو لە گۆڕەپانی تەیران لە بەغدا لەناو خەڵکی سڤیل و کاسب خۆیان تەقاندەوە، هەردووکیان عێراقین و پێشتر لەلایەن گرووپێکی حەشدی شەعبیەوە رفێندراون، بەڵام بەڵێنی ئەوەیان پێداون رزگاریان دەکەن، دوای بۆمبڕێژ کردنیان بە ئەتۆمبیلی تایبەت لەلایەن ئەو گرووپەوە هێنراونەتە ئەو بازاڕە و بە ریمۆت کۆنترۆڵ  یەک لەدوای تەقێندراونەتەوە، ئەمەش بەپێی زانیاریەکان تەنها بۆ ئەوەی بەپاساوی چالاکبوونەوەی داعش رەوایی بە مانەوەی خۆیان بدەن، چونکە ملیشیاکان ئەو قەناعەتایان لەلا دروست بووە، لەدوای هەڵبژاردنەکان بەهۆی گۆڕینی بالانسەوە داوا لە ئێران دەکرێ دەست لە دەستوەردان لە کاروباری عێراق هەڵگرێ، دەنا بەپشتیوانی هێزە ئەمەریکا بە زەبری هێز ملیشیاکانی چەک دەکرێن.

Back to top button