حەفتەی داھاتوو پارتی و یەکێتی دەربارەی ھەڵبژاردن کۆ دەبنەوە

پارتی و یەکێتی دەربارەی پرسی ھەڵبژاردن و ئامادەکاری بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کۆ دەبنەوە و بەرپرسێکی پارتییش دەڵێت، جگە لە ڕێککەوتن ھیچ دەرفەتی دیکە لە بەردەم لایەنە سیاسییەکان نییە و ویلایەتی پەرلەمان درێژ ناکرێتەوە.

ھاوار محەمەد، بەرپرسی یاسایی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی،  ڕاگەیاند: “ھەڵوێستی پارتی دەربارەی ھەڵبژاردن دیارە و ئێمە لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردنین لە کاتی خۆیدا، ھیچ دەرفەت بۆ درێژکردنەوەی ویلایەتی پەرلەمانی کوردستان نییە، دواخستنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵییش دەرفەت بە لایەنە سیاسییەکان دراوە بگەنە ڕێککەوتن، بە پێچەوانەوە ئامادەکاری نەکرێت و بڕیارێک لە دادگا دەربچێت بە ھەر ئاراستەیەکیش بێت، لەوانەیە بوشایی یاسایی و دەستووری پەیدا ببێت.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕیارە جارێکی دیکە لە حەفتەی داھاتوو پارتی و یەکێتی دەربارەی پرسی ھەڵبژاردن کۆ ببنەوە و تێیدا دەربارەی ئەو خاڵانەی ماون، دانوستان بکەن بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن.

بەرپرسەکەی پارتی گوتی: “جگە لە ڕێککەوتن ھیچ دەرفەتێکی دیکە لە بەردەم لایەنە سیاسییەکاندا نەماوە، لەسەر ھێڵە گشتییەکان گەیشتووینەتە ڕێککەوتن و لێک تێگەیشتن لە نێوان لایەنە سیاسییەکان ھەیە، بەڵام وردەکاری ماون و دەکرێت لەلایەن لیژنە فەننییەکانەوە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بکرێت، تا ڕەشنووسێکی ھاوبەش بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن ئامادە بکرێت و پەرلەمان ڕێکاری یاسایی بگرێتە بەر.

لەبارەی ئەو خاڵانەی ھێشتا یەکلا نەکراونەتەوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، ھاوار محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “ھەندێک ئاستەنگ ماون، لەوانەش شێوازی لیستی ھەڵبژاردن کە نیمچەکراوەیە، ھەروەسا بابەتی تۆماری دەنگدەرانی عێراق لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای عێراقەوە دەدرێتە ھەرێمی کوردستان و ئەمەیش کێشەیە و ناکرێت دەقێکی یاسایی بنووسرێتەوە و ئەگەری تێدا ھەبێت.”

 

Back to top button