حەیدەر شەشۆ: ئەوانەی پێشتر لە ناوچەكە داعش بوون ئێستا لە شنگال بوونەتە پەكەكە

حەیدەر شەشۆ ، فەرماندەی هێزی ئێزیدخان لە مەراسیمی بانگەی هەڵبژاردنی كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسنوری قەزای شنگال گوتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند: رێگرییەكانی دوێنێی چەكدارانی پەكەكە لە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چوونیان بۆ شنگال بە مەبەستی بانگەشەكردن بۆ خۆیان رایگەیاند، ئەو رێگرییە لە خوشك و براكانمان كرا، بە هەموو پێوەرێك دوورە لە هەموو بنەماكانی دیموكراتیەت و مرۆڤایەتی.
راشیگەیاند: پێویست بوو هێزە ئەمنییەكان زیاتر‌ ئەركی خۆیان لە پارێزگاریكردن لە كاندیدان و بانگەشەكانی هەڵبژاردن جێبەجێ بكردبایە، بەڵام بەداخەوە بۆ ئەوەی كە ئەمڕۆ كچان و خوشكانمان لەلایەن هەندێك لایەن‌ بەكاردەهێنرێن، كە هیچ رێزێكیان بۆ بنەماكانمان نەبووە.
حەیدەر شەشۆ راشیگەیاند: ئەو كچ و خوشكانەی بەنیاز بوون سەردانی مەزارگەی شەرفەدین و شنگال بكەن، كچ و خوشكی ئێوە بوون، بۆیە ئەو بەرپرسیارێتییە دەكەوێتە ئەستۆی ئێوە و ئێمە هەمووان، ئێوە بەرپرسیارن لەو سووكایەتییەی بە ئێزیدییەكان دەكرێت. بۆیە دەبێت ئێوە ئەمڕۆ بڕیاری خۆتان بدەن، ئەگینا مانای وایە كە ئێوە رێگە بە چەند كەسێكی سەر بە لایەنێك دەدەن، كە رێگری لە هەر كەسێك بكەن، كە بیانەوێت بێنە‌ ناو شنگال و كاروبارەكانیان رایی بكەن.

حەیدەر شەشۆ فەرماندەی هێزی ئێزیدخان لە مەراسیمی بانگەی هەڵبژاردنی كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسنوری قەزای شنگال راشیگەیاند: كاتێك هەندێك لایەن دەڵێن پەكەكە لەناو شنگال هەیە، چەند كەسێك هەر لەناو خۆمان دەڵێن وا نییە و ئێمە هیچ پەیوەندییەكمان پێیانەوە نییە، بەڵام لەبەر چاوی هێزە ئەمنییەكان دەیان و سەدان ئۆتۆمبیلی چەكداری بێ تابلۆ هاتووچۆ دەكەن و هەزاران داعش لە دەوروبەری شنگال لەناو ئەو گرووپە چەكدارانە شوێنیان بۆ كراوەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەو داعشە عەرەبانەی لە دەوروبەری شنگال بوون، ئێستا لە ناو هێزەكانی یەبەشە و پەكەكەن و ژمارەیان لە ئێزدییەكان زیاترە و هەمووشتان ئەو راستییە دەزانن، بەڵام ئێوە بێدەنگن.
هەروەها رایگەیاند: ئێوە چ وەك كادیرانی پارتی و چ وەك پێكهاتەی ئێزیدی‌ لە بەجێگەیاندنی ئەركی حزبایەتی و ئایینی خۆتان كەمتەرخەمن، چونكە لە هیچ شوێنێكی جیهان یاسا رێگە نادات رێگری لە كاندیدان و لایەنی سیاسی بكرێت لەوەی لەكاتی هەڵبژاردن بانگەشە بۆ خۆی بكات. بۆیە ئێستا كاتی هەڵوێستە و دەبێت ئەمڕۆ بڕیاری خۆتان بدەن.

Back to top button