خالید عەباس لە پارێزگای دھۆک ٧٨%ی دەنگدەران خۆیان تۆمارکردوە

بەرپرسی ئوفیسی پارێزگای دھۆکی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ئاشکرایکرد، لەسنوری پارێزگای دھۆک ٧٨%ی دەنگدەران خۆیان تۆمارکردوە لە سیستەمی بایۆمەتری دەنگدەران و  ٩٧ %ی کارتەکان بەسەر ھاوڵاتیان دابەش کراون.

خالید عەباس، بەرپرسی ئوفیسی دھۆکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: لە سنوری پارێزگای دھۆک ٨٨٧ ھەزار و ١١٠ دەنگدەر ھەیە و لەو ژمارەیە ٧٨%ی دەنگدەرانی پارێزگای دھۆک خۆیان تۆمارکردوە لە بنکەکانی کۆمسیۆن، لەو ژمارەیە ٩٧%ی کارتی دەنگدەران دابەش کراوە و پرۆسەکەش بەردەوامی دەبێت رۆژانە لە رێگەی بنکەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئوفیسی دھۆک.

بەرپرسەکەی کۆمسیۆن گوتی” پرۆسەی دابەش کردنی کارتی دەنکدان بەردەوامی دەبێت تا پێنج رۆژ  بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن، ئەویش بە دوو قۆناغە و قۆناغی یەکەم دەنگدەر خۆی تۆمار دەکات و تۆمارکردنەکە دەچێت ئیسپانیا دواتر کارتە چاپکراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا لەسەر دەنگدەرانی دابەش دەکرێت.

خالید عەباس روونی کردەوە” لە سنوری پارێزگای دھۆک ٤١ بنکەی تۆماری دەنگدەران و دابەش کردنی کارتی بایۆمەتری ھەن، ھەروەھا ٤٧ تیمی گەڕۆکیش ھەن و رۆژانە بەشێوەیەکی ئاسایی گوێرەی رێنمایەکانی کۆمسیۆن کارەکانیان بەڕێوەدەبەن، ھەر کەسێکیش خۆی تۆمار نەکات و کارتی دەنگدانی نوێی نەبێت مافی بەشداری نابێت لە پرۆسەی دەنگدان.

Back to top button