خۆپیشاندانەکان لە عێراق بە فراوانی دەستپێدەکەنەوە و لە خۆپیشاندەران دەدرێت

هۆشیار عەلی – خۆر
خۆپیشاندانەکان لە عێراق دوای وەستانیان بەهۆی پەتای کۆڕۆنا و هاتنە سەر دەسەڵاتی مستەفا کازمی، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ گۆڕانکاریەک لە سیستەمی سیاسی و ئیداری وڵات و سزانەدانی گەندەڵکاران بە فراوانی دەستپێدەکەنەوە، بەڵام لە چەند شوێنێک بە توندی هێرش دەکرێتە سەریان.
چەند رۆژێکە لە چەند شارێکی عێراق بەهۆی نەبوونی ئاو کارەبا و خزمەتگوزاریەکان خۆپیشاندان و ناڕەزایی بە فراوانی دەستیپێکردوەتەوە، چاودێرانی سیاس پێیانوایە هێندەی مستەفا کازمی خەریکی شۆکردن و خۆنیشاندانە هێندە پەرۆشی عێراق بووایە ئێستا گۆڕانکاری بەسەر ژیان و گوزەرانی زۆرێک لە خەڵکی عێراقدا دەهات، ئەوەی جێگای مەترسیشە لەم جارەی خۆپیشاندانەکاندا زۆر بەتوندی هێرش دەکرێتە سەریان و لێیان دەدرێت.
لەمبارەوە حەسەن كەعبی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە توندی ڕەخنەی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و حكوومەتەكەی دەگرێت.

كەعبی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە كە كردنە ئامانجی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز، خۆپیشاندەرانی خاوەن بڕوانامەی بەرز مانای كۆتایی هێنانە بە مافە دەستوورییەكانی هاووڵاتییان بۆ خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر حكوومەت.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە لەسەر فراكسیۆنی شیعەكانە، ئاماژەشی بەوە داوە كە بە توندی سەركۆنەی هێرشەكانی ئەمڕۆی هێزە ئاسایشییەكانی حكوومەت دەكات بۆ سەر خۆپیشاندەرانی ناڕازی، دەشڵێ ئەوان وانەبێژن و خاوەن بڕوانامەی بەرز و دەرچووی زانكۆكانن، مافیان خوراوە و پارەی وانە گوتنەوەكانیان پێنەدراوە، سادەترین مافی هاووڵاتییبوونی خۆیان بەكارهێناوە و خۆپیشاندانی ئاشتیانەیان ئەنجام داوە بۆ بەردەم دەروازەكانی ناوچەی سەوزی بەغدا، كەچی هێزە ئاسایشییەكان هێرشیان كردوونەتە سەر و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.

كەعبی داواشی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بە زووترین كات لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبێنێت و بە ڕژدی لێكۆڵینەوە لەسەر دووبارەبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژانەی خۆپیشاندەران بكرێ و ئەنجامدەرانی هێرشەكەی سەر خۆپیشاندەران دەستنیشان بكرێن.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان هۆشداری داوە لەوەی چیتر حكوومەتی عێراق پەنا نەباتە بەر بەكارهێنانی توندوتیژی و داپڵۆسینی شەقامی ناڕازی لە ڕێگەی هێزەوە.

Back to top button