خۆپیشاندەرانی دھۆک: چیدی سیاسەتی برسیکردن قبووڵ ناکەین

ئەمڕۆ چین و توێژەکانی دھۆک دژی سیاسەتی حکوومەتی عێراق خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، خۆپیشاندەرانی دھۆک ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد: چیدی سیاسەتی برسیکردن قبوو ناکەین و بەشێوەیەکی ئاشتییانە بەردەوام دەبین لەسەر داواکاریەکانمان.

ئەمیر نێروەیی، خۆپیشاندەری دھۆک  ڕایگەیاند: ئەمڕۆ وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بەشدار بووم لە خۆپیشاندانەکەی دھۆک، چونکە بە رۆژی رۆناک بەغدا مافی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکات و پابەندی بەڵێنەکانی خۆی نییە، ھەر کاتێکیش خۆپیشاندان لە دھۆک بەڕێوەبچێت ئامادەم بەشداری تێدا بکەم، لەبەر ئەوەی داوای مافی خۆم دەکەم وەک تاکێکی ھەرێمی کوردستان، ئەوەی ئێمە داوامان کردووە مافێکی زۆر سادەی خۆمانە وەک ھاووڵاتی، داوا لە ھەموو ھاووڵاتییان و لایەنە سیاسیەکانیش دەکەم بێنە پاڵ داواکارییەکانی ئێمە، چیدی سیاسەتی برسیکردن قبووڵ ناکەین.

جەعفەر سمۆ کەسایەتی کوردی ئێزدی ڕایگەیاند: ھەر لە دێر زەمانەوە خەڵکی پارێزگای دھۆک بەوە ناسراون پەیامی خۆیان بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەگەیەنن، ئەمڕۆ ئێمە بەشداربووین لە خۆپیشاندانەکەی شاری دھۆک و پەیامی خۆمان گەیاند بەرامبەر بەو سیاسەتە ھەڵەیەی حکوومەتی فیدڕاڵ بەرامبەر بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکات، ئەویش سیاسەتی زەوتکردنی مافە داراییەکانی خەڵکی کوردستانە، بابەت تەنیا ھەر مووچە و بودجە نییە ئەوەتا لە کەرکووک چی بەسەر خۆشک و برایانی ئێمە دێنن.

جەعفەر سمۆ ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: لە ڕێگەی خۆپیشاندانی ئەمڕۆ یاداشتی ناڕەزایی خەڵکی دھۆک بڵاوکرایەوە و دەمانەوێ دەنگی ئێمە بگاتە بەغدا و جیھان بەگشتی، ئێمە دەمانەوێ بە ئاشتییانە مافەکانمان پێ ڕەوا ببینن و بەغدا پابەندبێت بەو بەڵێنانەی پێیداوین، مووچە و بودجەی بەشی ھەرێمی کوردستان وەک خۆی ڕەوانە بکرێت و ئەو زۆڵم و ستەمەی لەسەر خەڵکی ئێمە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان نەمێنێ تاکەی ئێمە ھەر لەژێر زۆڵم و ستەمی بەغدا بین.

Back to top button