دابەشبوونی عێراق لەبەرژەوەندی هەموو لایەکدایە!

جوتیار شەریف -شڕۆڤە

لێرە بەپێویستی دەزانین کە ئاماژەیەک بەلێدوانەکانی “جۆن بۆڵتۆن” ڕاوێژکاری پێشووی ئەمریکا بدەین کەلەچاوپێکەوتنێکی کەناڵی ڕووداودا وتی “دابەشبوونی عێراق لەبەرژەوەندی هەموو لایەکدایە، کوردیش باخۆیی ئامادە بکات بۆ دروست بوونی دەوڵەتی کوردستان بەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشەوە، ئەم ئەگەرانەی بۆڵتۆنیش بۆ پاش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا زیاتر دەبێت.

لێرەدا دوو ئەگەر لەبەردەم کوردا هەیە:

٭ یەکەم، دابەشبوونی ناوچەکە پاش دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترامپ بەسەرۆکی ئەمریکا، خۆ ئەگەر بایدنیش بیباتەوە ئەوە ئەگەرەکە باشتر و خێراتر دەبێت.

٭ دووەم، ئەگەری پێکدادانی شەڕ هەیە لەناوچەکەدا دیسانەوە ئەگەر ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ئەنجام نەدرێت، هەروەها ئەگەریش هەیە کەسونە و شیعە و کوردیش بکەونە ململانێیەکی قوڵتر لەوەی کەئێستا هەیە، بۆیە هەموو ئەگەرەکان دەبێت کورد خۆیی بۆ ئامادە بکات و جا شەڕ بێت یاخود ئاشتی.

گۆڕانکاری لەئێران و تورکیا مەزەندە کراوە، چەندین میدیاش باس لەوە دەکەن کە بەدووبارە هەڵبژاردنەوە ترامپ بەسەرۆکی ئەمریکا “هاوپەیمانی ناتۆ هەڵدەوەشێنرێتەوە” چونکە تورکیا زۆر پەلی هاویشتووە و دەست درێژی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، لیبیا، دەریای سپی ناوەڕاست، سوریا، تونس…هتد کردووە، بەم کارەش سنورەکانی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکایان تێپەڕاندووە، هەروەها ئێرانیش بۆ سوریا، یەمەن، لوبنان، عێراق و هەرێمی کوردستان تاکو کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، بۆیە بەرپرسیارتی و پاسەوانی و پاراستنی کورد لەئەستۆی ئەمریکادایە لەچوارچێوەی بەرژەوەندییە هاوبەشە سیاسی و ئابوورییەکاندا بەهەر شێوازێک بێت، لەبەرئەوە چاوەڕوانی قۆناغێکی نوێ دەکرێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لەعێراقدا.

Back to top button