دادگاى تەمیز بڕیارى سزادانى تاوانبارانی بادینانى پەسەند کرد و چەند تۆمەتێکی لەسەریان پشتڕاستکردەوە.

  

لە بڕیارەکەى دادگاى تەمیزدا ئەم تۆمەتانەى سەر تاوانبارانی بادینان جێگیر کران و وەکو تاوان دانیان پیانراوە:  

  

١- دروستكردنی گروپ بۆ زیانگەیاندن بەئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەرپرسە سیاسی و ئەمنییەكان.  

  

٢-دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ لایەنی دەرەكی و بیانی بۆ جێبەجێكردنی پیلانەكانیان

  

٣-پەیوەندیكردن بە پارتی كرێكارانی كوردستان و پەکەکە زانیاری پێدان بەم رێكخراوە لەبارەی هەندێك ئامانج لە كوردستان.    

٤-ناردنی وێنەی جموجوڵی پێشمەرگە بۆ ڕێكخراوێکی سەر بە پەکەکە لەگەڵ زانیاری دەربارەی بیرە نەوتیەكان.  

  

٥-كۆكردنەوەی فۆتۆی بەرپرسان لەناو لاپتۆپەكانیان بۆ بە ئامانج گرتنیان.  

  

هەروەها لە بڕیارى دادگاى تەمیزدا هاتووە “دانپێدانانەكانیان لەقۆناغی لێكۆڵینەوە بەویستی خۆیان بووە و هیچ گوشار و زۆری تێدا نەبووە، نەسەڵماوە بەڕاپۆرتی پزیشكی ئەشكەنجە درابن”.  

  

ئاماژە بەوەش کراوە “پاشگەزبوونەوەیان لە دانپێدانەكانیان بەهای نییە چونكە لەلێكۆڵینەوە و لەدەمی نزیك لەڕووداوەكان وتوویانە و بەڵگەش پشتڕاستی دەكاتەوە”.  

  

جەختیشکراوەتەوە “سزای شەش ساڵ گونجاوە لەگەڵ تاوانەكانیان “.  

  

دادگاى تاوانەکانى دووى هەولێر 16 ى شوباتى 2021 بڕیاریدا هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم بە شەش ساڵ زیندانى سزا بدرێن، بەتۆمەتى سیخوڕى و مەترسی بۆ سەر ئاسایشى هەرێمی کوردستان.

Back to top button