دادگایەكی عێراقی بڕیاری دەستگیركردن بۆ پێنج چالاكوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەردەكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگایەكی عێراقی بڕیاری دەستگیركردنی بۆ پێنج چالاكوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەركرد.

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای میسان، پێنج بڕیاری دەستگیركردنی بۆ پێنج كەس دەركردووە بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی بابەتی دوور لە بەها باڵاكانی كۆمەڵگە و سووكایەتیكردن.

بڕیارەكە بەپێی مادەی 403ی هەمواركراو لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969 دەركراوە و لەبارەی بڵاوكردنەوەی بابەتی دوور لە بەها كۆمەڵایەتییەكانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.

بەپێی هەواڵەكە، چالاكوانەكانی بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، بریتیین لە ئەحمەد بەشووش، عەبود سكیبە، عەتیە، لەگەڵ دوو پیاوی تر كە بە ناوەكانی مەديحە و سوندوس ناسراون.

جێی باسە لە ڕۆژانی رابردوودا وەزارەتی ناوەخۆی حكوومەتی فیدراڵی و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هەڵمەتێكی دەستگیركردنی چالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان بە تۆمەتی بڵاوكردنەوەی بابەتی دوور لە بەها كۆمەڵایەتییەكان دەستپێكردووە.

Back to top button