دادگایەکی ئێران سزای توند بەسەر ١٠ گەنجی کورددا دەسەپێنێت

گۆڤەند سەرکەش-خۆر

دادگایەکی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بڕیارێک سزایەکی توند بەسەر ( ١٠ ) گەنجی کورد دا دەسەپێنێت بەهۆی ئەوەی داوای مافەکانی کۆڵبەریان کردوە.

دادگای شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە لێدان و ( ٣٠ ) مانگ زیندان سزا بەسەر ( ١٠ ) گەنجی کوردی ڕۆژهەڵات دەسەپێنێت بە تۆمەتی تێکدان و ئاژاوە گێڕی .

سێ ساڵ بەر لە ئێستا دوو کۆڵبەر بە گولەی هێزەکانی ئێران لەسەر سنوری باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبنە قوربانی و دواتر چالاکوانانی مەدەنی دژی کوشتنی کۆڵبەران خۆپێشاندانیان ئەنجامدا و لە ئاکامدا ( ١٠ ) چالاکوانی کورد دەستگیر کران تاوەکو ئەمڕۆ ڕۆژی شەممە ٢٥ / ٧ / ٢٠٢٠ دادگا بڕیاری (٣٠) مانگ زیندانی بەسەریاندا سەپاندوە.

شایانی باسە لەماوەی مانگی تەموزی ئەمساڵدا کۆماری ئیسلامی ئێران دەیان گەنجی کوردی بە سزای زیندانکردن سزاداوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لە سەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ئێرانەوە.

جێی باسە، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆتایی هەفتەی ڕابردوو گەنجێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری پیرانشار بە ( پێنج مانگ ) زیندانی سزا درا .

Back to top button