داشکانی کرێی ئاو درێژ دەکرێتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، دوای کۆتاییھاتنی وادەی داشکانی کرێی ئاو لە ١٠ی ئەم مانگە پێداچوونەوە بە بڕیارەکە دەکرێت و ئەگەر خەڵک سوودمەند بووە وادەکە درێژ دەکرێتەوە و دەشڵێ، تا ئێستا ٨٢%ی ھاووڵاتیان پابەند بوون بە بەستنی پێوەری ئاو.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، ڕاگەیاند: “بڕیاری لێخۆشبوونی ئاو لە ١٠ی نیسان دەستی پێ کردووە و تا ١٠ی ئایار بەردەوام دەبێت، ھاووڵاتیان ئەوانەی قەرزاری ئاون دەتوانن سوودمەند بن لە بڕیاری حکوومەت و ھەرکەسێک لەو ماوەیەدا قەرزی ئاو بگەڕێنێتەوە، ١٥% داشکانی بۆ دەکرێت، ئەو بڕیارەش ھەموو کەسێک دەگرێتەوە.”

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: “دوای کۆتاییھاتنی وادەی داشکانی کرێی ئاو پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکرێت و ئەگەر بزانین خەڵکێکی زۆر سوودمەند بووە لەو بڕیارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوە درێژ دەکرێتەوە تا خەڵکی زیاتر سوودمەند بێت، چونکە بڕیارەکە بۆ بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان دەرکراوە.”

دەربارەی بەستنی پێوەری ئاویش، ئاری ئەحمەد ڕوونی کردەوە: “تا ئێستا لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ٨٢%ی ھاووڵاتیان پابەند بوون بە بەستنی پێوەری ئاو، بەڵام تا ئێستا ١٨%ی بەشداربووانی ئاو پێوەریان نەبەستووە و بەپێی بڕیاری حکوومەت ماوەی داشکان بۆ ئەوانە کۆتاییی ھاتووە، تەنیا دەتوانن سوود لە داشکانی ١٥% وەربگرن.”

Back to top button