دانەگاز: شایستەی دارایی ساڵانەمان لە میسر و هەرێمی کوردستان زیادیکردووە

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی بڵاویکردەوە، لەساڵی 2022 دا نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار شایستەیی داراییان لە میسر و هەرێمی کوردستانەوە بەدەستگەیشتووە.

کۆمپانیای دانەگاز لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، کە لە ساڵی رابردوودا هەریەکە لە هەرێمی کوردستان و مسیر بە بەهای 318 ملیۆن دۆلاری شایستەی داراییان بەدەستگەیشتووە، لەو بڕەش 64 ملیۆن دۆلارییان لە هەرێمی کوردستانەوە بووە و 254 ملیۆن دۆلاریشیان لە میسرەوە بووە.

کۆمپانیاکە باسی لەوەشکردووە، شایستە داراییەکانیان لەسەر بنەمای دەستکەوتی ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە.

پاتریک ئالمان-وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لەوبارەیەوە رایگەیاند: سەرکەوتووانە تەواوکردنی پڕۆژەکە لە هەرێمی کوردستان و پلانەکانمان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان لە میسر، کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژینگە دەبێت چونکە بەرهەمهێنانی گاز، دەردانی کاربۆنی چڕ بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ناهێڵێت، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی کوالیتی ژیانی دانیشتوانی کوردستان و میسر.

ئەو کۆمپانیا ئیماراتیە پێشتر لە راگەیەنداوێکدا لە مانگی شەشی ساڵی رابردوو، ئاشکرایکرد، باشبوونێکی بەرچاو لە وەرگرتنەوەی شایستەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکەن.

دانەگاز یەکەم و گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی گازی سرووشتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ساڵی 2005 دامەزراوە و لە بازاڕی ئەبوزەبی ناوی تۆمارکراوە. کۆمپانیاکە لە میسر و هەرێمی کوردستان و ئیمارات کاردەکات

Back to top button