دروستکردنی هەردوو بەنداوی گۆمەسپان و بەستۆڕە سوودی زۆریان بۆ هەولێر دەبێت

بەڕێوەبەری ئاوی  هەرێمی کوردستان گوتی: دروستکردنی هەردوو بەنداوی بەستۆڕە و گۆمەسپان بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ سوودیان بۆ هەولێر دەبێت.

ئاری ئەحمەد،ڕایگەیاند:  ئەو پڕۆژەی دوێنێ بەردی بناغەی بۆ دانرا “بەنداوی بەستۆڕە” بەشێوەی ڕاستەوخۆ سوودی نابێت، بەڵام وا دەکات ئاوی بیرەکانی سنوری هەولێر زیاد بکات، چونکە ئەو بەنداوە بۆ ئەوە دروستکراوە لە وەرزی زستان ئاوی تێدا گلبدرێتەوە و سوودی لێ وەربگیرێت  بۆ گەشتوگوزار ، پاڵپشتی کۆنترۆڵکردنی لافاو و زۆر سودی تریش.

بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان گوتیشی: هەرچی بەنداوی گۆمەسپانە دەکرێت بۆ ئاوی خواردنەوەش بەکار بهێندرێت بۆ گوند، ناحیە و قەزایەکانی سنوورەکە، ئەوە لەپاڵ سوودەکانی گەشتوگوزار، سامانی ماسی و بەرزکردنەوەی ئاوی ژێرزەوی، بۆیە هەردوو بەنداوەکە گرنگی زۆریان بۆ سنووری پارێزگای هەولێر هەیە بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.

لە لایێکی تر ڕێبوار کاکەیی، بەڕێوەبەری ئاودێری پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە سنووری پارێزگای ھەولێر پێنج بەنداو و ٢٨ پۆند ھەنە بۆ گلدانەوەی ئاو، ھەبوونی ئەو بەنداو و پۆندانە کاریگەری زۆری دەبێت لەچەند ڕوویەکەوە، لەوانە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی کە لەو بیرانەی نزیکن لە بەنداو و پۆندەکان دەردەکەوێت، ھەروەھا دروست کردنی بەنداو سوودی ھەیە بۆ کەرتی گەشتیاری و بەرھەمی ماسی لە ھەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری ئاودێری ھەولێر گوتیشی: دروستکردنی بەنداو لە دەوروبەری ھەولێر کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی مەترسی لافاویش دەبێت، چونکە دەبێتە ھۆکارێکی سەرەکی بۆ گلدانەوەی ئاو، هاوکات سوودی بۆ ئاودێریش ھەیە، چونکە زەوییەکی زۆر لە دەوروبەری بەنداوەکان و پۆندەکان بەراو دەکرێن و بۆ کشتوکاڵ بەکار دێن.

ڕێبوار کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: جگە لەو پێنج بەنداوەی لە سنووری ھەولێر ھەن ئێستا پێنج بەنداوی دیکەش لەبواری جێبەجێکردندان، ئەمەیش مایەی خۆشحاڵییە ژمارەی بەنداوەکان لە زیادبووندایە.

Back to top button