دزییە گەورەكەی پشت دابەشكردنی زەوی بەناوی كەسوكاری شەهیدان ئاشكرا كرا

تاقمێكی سیاسی لە پەنای دابەشكردنی زەوی بەناوی كەسوكاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی، بە تەمای دزییەكی گەورەن كە بەهاكەی ١٠٠ ملیۆن دۆلارە. 

چەند ڕۆژێكە ئەو تاقمە خۆفرۆشەی لە هەموو شتێكدا شكستیان هێناوە و حەیا و حورمەتیان لەدەستداوە، كەوتوونەتە موزایەدەوە گوایە فشاریان كردووە زەوی بەسەر كەسوكاری شەهیداندا دابەش بكەن، بەداخەوە لەمەدا جێگری سەرۆك وەزیرانیش كەوتۆتە هەڵەوە و پشتگیرییان دەكات. 

خۆزگە بە كردەیی ئەم شەڕەیان لە پێناو كەسوكاری شەهیدان بوایە و بۆ باشتركردنی دۆخی ئەوان ئەم شڕوهۆڕەیان بكردایە؟! بەڵام بەداخەوە دەركەوت لەمەشدا دزی و گەندەڵی و قاچاخچێتی ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێت. 

ئەوەتا هەریەك لە عەلی حەمەساڵح، دابان محەمەد و شیرین ئەمین، پەرلەمانتارانی گۆڕان لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كردووە ئاشكرایان كردووە كە ئەگەر مەبەست لە پڕۆژەكە دابەشكردنی زەوی بێت بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، ئەوان پشتگیری دەكەن، بەڵام “ئەو تاڵانییەی لەم سێ ساڵەدا بەزەوییەوە کراوە، بێ وێنە بووە لە مێژوودا و ھیچی بۆ خەڵکی ھەژار و کەسوکاری شەھیدان و ئەنفال و فەرمانبەری شایستە نەبووە.

ئەوان ئاشكرایان كردووە كە لە پشت ئەم دابەشكردنی زەوییانەوە، “تەماحێكی گەورە هەیە وەک ئەوانی دیکە، زەوییەكان بەشێکی بە ناوی شوێنی بازرگانی تێدایە کە بەھاکەی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلارە، دەیانەوێ داگیری بكەن! وەک چۆن بەرپرسانی یەكێتی ھەزاران دۆنم زەوییان تاڵان کرد و  مەتر مەتر دەیفرۆشن یان دەیکەنە كۆگا و ھەریەکەی بە ٥٠٠ ھەزار دۆلار و بەرەوژوور دەدەن”.

ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن، باشە ئەگەر مەبەستەكە دزی و تاڵانی نییە، لە كاتێكدا دەتانەوێ  ٩٥٨ پارچە زەوی بە ناوی کەسوکاری شەھیدان و ئەنفال و زیندانی سیاسی دابەش بكەن، ئەی  بۆچی داوای تەرخانکردنی ٦١٣ دۆنم زەوی دەکەن؟

ئەوان هیوایان خواستووە جارێکیتر کەسوکاری ئەنفال و شەھیدان نەکرێنەوە قوربانی و سووتەمەنی ململانێ، یان موزایەدە بۆ پەردەپۆشکردنی چەندین گەندەڵیی گەورە.

ئەمەیە ئیشی كەسانی هەرزە و كاڵفام، كاتێك وانیشان دەدەن خزمەتێك دەكەن، لە ژێرەوە خەریكی جوتەهاوێشتن و دزی و گەندەڵی و زیانگەیاندنێكن بە خەڵكی ئەم وڵاتە!

Back to top button