دكتۆر پشدەر: لە چەند رۆژی داهاتوودا دڵنیا دەبین لە ئەنجامی پشكنیەكانی نەخۆشیەكە

دكتۆر پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی ئاشكرای كرد، بەپێی بۆچوونەكان نەخۆشی هەوكردنی پەردەی مێشك كە لە نێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە ڤایرۆسی بێت، توشبووان ژمارەیان زۆرە بەڵام زۆربەی حاڵەتەكان لەماوەی دوو رۆژدا تەندروستیان جێگیر دەبێت و باش دەبن.
دكتۆر پشدەر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، زۆرینەی پزیشكەكان گەیشتووەنەتە ئەو بڕوایەی نەخۆشی هەوكردنی پەردەی مێشك كە لە نێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە ڤایرۆسی بێت، ڤایرۆسەكە سەدان ساڵە هەیە بەڵام لەوانەیە نەوەیەكی تری بێت كە گواستنەوەی خێراترە.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەوكردنی ڤایرۆسی پێویستی بەكاتە بۆ چاكبوونەوە و ئەگەر دڵنیابوونەوە كە ڤایرۆسییە ئەوا پێویست ناكات دژە بەكتریان بەكاربهێنن، هەروەها حاڵەتەكان لێكەوتەی خراپیان زۆر كەمترە بەراورد بە هەوكردنی بەكتریایی كە بریتییە لە ئیفلیجبوونی مێشك و لەدەستدانی بینایی، راستە حاڵەتەكان زۆرن بەڵام دوای دوو رۆژ لە وەرگرتنی چارەسەر تەندروستیان جێگیر دەبێت و زوو باش دەبن.
بە وتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی دكتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەزۆری زۆری پشكنینەكان دەردەچن و دڵنیا دەبن كە هەوكردنە ڤایرۆسە یاخودنا، ئەوكات بڕیاری كۆتایی دەدەن و رەنگە زۆرینەی نەخۆشەكان بنێرنەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی قەرەباڵغی دروست نەبێت و دڵەڕاوكێی خەڵك بڕەوێتەوە.

Back to top button