دلاوەر ئاژگەیی : کورد لەڕووی دیپلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەئاستێکی باشدایە

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا گوتی:  ئەمجارە لە حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی یەکێتی ئەوروپا، کورد لەسەر ئاستێکی باڵا بەشداری لەو کۆنفرانسە کرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کورد لەڕووی  دیبلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەئاستێکی باشدایە.

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا ، دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی، ڕایگەیاند: ئەوەی ئەنجامدرا حەوتەمین کۆنفرانسی یەکێتی ئەوروپایە لەبارەی دوارۆژی سوریا و هەموو ئەوپرسانەی پەیوەندی بە سوریاوە هەیە لەڕووی سیاسی، ئابووری، ئاوارە و پەنابەرەکان دوو تەوەری گرنگی لەخۆ دەگرت، ئەوەی ناو سوریا بەرەو کوێ دەڕوات کە ئەنجومەنی ئاسایش کاتی خۆی بڕیاریدا بۆ چارەکردنی قەیرانی سوریا چەند جێبەجێکراوە و چی بکرێت، بەشی دووەم کاریگەری قەیرانی سوریا لەسەر وڵاتانی دراوسێ، بێ گومان ئەو وڵاتانە تورکیا، ئوردن و لوبنان کە ئاوارەکان ڕوویان تێدا کردووە و هەرێمی کوردستانیش یەکێک بووە لەوەی کاریگەری لەسەر هەبووە بەو هۆیەی  پەنابەرێکی زۆر ڕووی تێکردووە و تائێستاش بەردەوامن و نزیکەی 260هەزار کەسن.

دکتۆر دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: کۆنفرانسەکە لەسەر ئاستێکی زۆر باڵا بوو، دکتۆر فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەرۆکایەتی شاندی عێراقی دەکرد، بالیۆزی عێراق لەیەکێتی ئەوروپا دکتۆر ئەحمەد بەرواری کە کوردە، منیش وەکو نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداربووین، بۆیە ئێمە لەسەر ئاستی عێراق  بە سێ پێگەی جیاواز بەشدار بووین، کە نوێنەری هەرسێ پێگەکە کورد بووین، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە کورد لە ڕووی دیبلۆماسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان لەئاستێکی باشدایە و ڕێزی لێ دەگیرێت و گوێی لێ دەگیرێت .

ئاژگەیی باسی لەوەش کرد: ئەم کۆنفرانسە جیاوازی لەگەڵ ئەوانەی دیکە ئەوەبوو کەشێکی سیاسی باڵی کێشابوو بەسەر کۆنفرانسەکەدا، ئەمەش بۆ یەکەم جارە کۆمکاری عەرەبی گفتوگۆی لەگەڵ سوریا دەستپێکردووە و بەڕوویاندا کراوەتەوە و سوریا وردە وردە دەگەرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی، ئەوەش لەلایەن یەکێتی ئەوروپا گلەیی لەسەرە و پێی رازی نین،؟پێیان وایە پێویستە سوریا هەنگاوی ئەرێنی بنێت لەڕووی مافی مرۆڤ، سیاسی و دیموکراسی ، بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش نەخشە رێگایەکی بۆ داناوە پێیان وایە سوریا جێبەجێی نەکردووە، بۆیە نەدەبا وڵاتانی عەرەبی بێ هیچ مەرجێک ئەو کرانەوەیان کردبووایە، وڵاتانی عەرەبیش پێیان وایە گفتوگۆ و دانوستان هەبێت بە ئاسانتر دەتوانن ئەوبڕیارە جێ بەجێ بکەن، ئەوە تاڕادەیەکی باش باڵی کێشابوو بەسەر کۆنفرانسەکە و گفتوگۆی دوولایەنەی لەسەر کرا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ ئەوەی هاوکاری سوریا و ئەو  وڵاتانەی لەژێر کاریگەری قەیرانی سوریادان بکرێت، هەرێمی کوردستانیش یەکێک بوو لەوانە، بۆیە وڵاتان پارە کۆدەکەنەوە و یارمەتیان دەدەن، بڕیاریان لەسەر کۆکردنەوەی پارەیەکی زۆر داوە بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو بۆ هاوکاریکردنی پەنابەرانی سوریا لە سوریا و وڵاتانی لێی نیشتەجێ بوونە، بۆیە کە جێبەجێ بکرێت بەشێک لەو پارەیەی تەرخان کراوە بۆ هاوکاری ئەو پەنابەرانەی سوریا دەبێت کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، هاوکاریەکانیش ڕاستەوخۆ نابێت بۆ ئەو وڵاتانەی پەنابەری سوریایی لێ نیشتەجێن، بەڵکو لەرێگەی ڕێکخراوەکان دەبێت، بۆ نموونە ئەوانەی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن هاوکاری وەردەگرن و ڕاستەوخۆ بۆ خزمەتی پەنابەران بەکاری دەهێنن، بەشێکیشی بۆ خزمەتگوزاری ئەوشوێنانەیە کە پەنابەرانی لێ یە، بۆیە ئامادەبوونی ئێمە لەو کۆنفرانسە زۆر پێویست وگرنگ بوو.

لەو کۆنفرانسە کە بەناوی حەوتەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ دواڕۆژی سوریا لەلایەن یەکێتی ئەوروپا بە بەشداری 57 وڵات و 30 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ڕێکخرابوو، ئەوانەی بەشداربوون بەڵێنیاندا بۆ ئەمساڵ چوار ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، بۆ ساڵی داهاتووش ملیارێک دۆلار هاوکاری خەڵکی سوریا بکەن لە ناوەوە  و دەرەوەی سوریا.

Back to top button